پزیشکانی گشتیی دانەمەزراو گردبوونەوە؛ ''10 مانگ چاوەڕوانی بەسە''

رووداو - تەندروستی

سەتان پزیشکی گەنج رژانە سەر شەقامەکان و داوای دامەزراندنیان کرد، دەرچووی ساڵی رابردوون و کۆلێژەکانی پزیشکیی گشتیی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانیان تەواو کردووە. یەکێک لە درووشمەکانیشیان ''10 مانگ چاوەڕوانی بەسە''.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 3-5-2026 پزیشکانی گشتیی دانەمەزراو لەبەردەم وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی گردبوونەوە و بە سەتانیان رژانە سەر شەقامەکان؛ نوێنەرێکیان دەڵێت: تائێستا هیچ هەواڵێک لەبارەی دامەزراندنمانەوە نییە.
 
دکتۆر داستان بەشارەتی، نوێنەرێکی پزیشکانی گشتیی دانەمەزراو لە سلێمانی رایدەگەیێنێت، دامەزراندنی پزیشکانی گەنج بناخەی سەرەکیی پلەبەندیی پزیشکی و نەخۆشخانەکانە. 
 
هاوکات د. بڵند شکور، نوێنەرێکی پزیشکانی گشتیی دانەمەزراوە لە هەولێر و گوتی، ''هیچ وەڵامێکی یەکلاکەرەوەمان لەلایەنی بەرپرس بەدەست نەگەیشتووە و هەموو لایەک لە ئاستی دامەزراندنمان بێدەنگن''.
 
هەر لەنێو خۆپێشاندەراندا د. فاتیح سەنگاوی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان گوتی: لە پەرلەمانەوە پاڵپشتیانین و داوام لە وەزیری تەندروستی کردووە، بە خێرایی بەدەم داواکارییەکانی پزیشکانی گشتییەوە بێت.
 
ئەمەش بزانە 
 
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، حەوت زانکۆ لە هەرێمی کوردستان بەشی پزیشکیی گشتییان هەیە و ساڵی 2024، 778 پزیشکیان پێگەیاندووە و دەرچوون کە هەموویان دوای ساڵێک دامەزران؛ ساڵی رابردووش 663 پزیشک دەرچوون و تائێستا هیچیان دانەمەزراون.
 
روونکردنەوە؛ هەر خوێندکارێکی پزیشکیی گشتی کە کۆلێژ تەواو دەکات، دوو ساڵ وەکو پزیشکی نیشتەجێی خولاو لە نەخۆشخانە گشتی و فریاکەوتنەکان دەوام دەکات، پاشان دەبێتە پزیشكی پلەبەند و یەک ساڵ لە بنکە و مەڵبەندە تەندروستییەکان دەوام دەکات، پاشانیش نازناوەکەی دەگۆڕێت بۆ پزیشکی شارەزای گشتی و دواتریش پزیشکی پایەبڵند. بەڵام مەرجی سەرەکی ئەوەیە لەگەڵ هەر بەرزکردنەوەی ناونیشانێک شوێنەکەشیان بگۆڕێت و ئێستا لەبەر ئەوەی پزیشکانی دەرچووی 2025 دانەمەزراون، ئەوا پزیشکانی خولاو ناتوانن پلەیان بەرز بکرێتەوە، چونکە کەس نییە شوێنیان بگرێتەوە.