لە هەرێمی کوردستان بۆ پێشگیری لە تای خوێنبەربوون، هەڵمەتی شوشتنی ئاژەڵ دەستپێدەکات

رووداو - تەندروستی

لە هەرێمی کوردستان بۆ پێشگیری لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، هەڵمەتی شۆردنەوەی ئاژەڵان دەستپێدەکات و پزیشکێکی ڤێتێرنەری دەڵێت: تاوەکو کۆتایی هاوین بەردەوام دەبێت.
 
لە گوندی باغەمرەی سەر بە قەزای بنەسڵاوە لە هەولێر بە سەرپەرشتیی تیمێکی ڤێتێرنەریی هەولێر شۆردنەوە بۆ ئاژەڵان دەکرێت و د. ئاکۆ شێرکۆ، بەرپرسی ڤێتێرنەریی بنەسڵاوە دەڵێت: شۆردنەوەی ئاژەڵان تاکە رێگەیە بۆ لەنێوبردنی ئەو گەنەیەی کە نەخۆشییەکە دەگوازێتەوە بۆ ئاژەڵ و لەویشەوە بۆ مرۆڤ.
 
د. ئاکۆ شێرکۆ، بەپرسی بنکەی ڤێتێرنەریی بنەسڵاوە دەڵێت: هەڵمەتی شۆردنەوەی ئاژەڵ رێگەیەکی سەرەکیی بۆ بنبڕکردن و کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکە، هاوکات دەشڵێت: ئاژەڵ بە کرداری شۆردنەوە خاوێندەبێتەوە و هەر ئاژەڵێکیش گەنە و مشەخۆی پێوەبوو سەرنابڕدرێت.
 
هەر ئەمڕۆ لە سلێمانیش هەڵمەتەکە لە چەند شوێنێک کرا و پزیشکێکی ڤێتێرنەریی لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە پارێزگاکە دەڵێت: هەڵمەتەکە هەمووپارێزگاکانی سلێمانی دەگرێتەوە و نزیکەی سێ مانگ دەخایێنێت.
 
د. دارا ئیسماعیل، پزیشکی ڤێتێرنەری لە گوندی جێشانەوە بە پەیامنێری رووداوی گوت، ئاژەڵی بچووک شۆردنەوەیان بۆ دەکرێت و ئاژەڵی گەورەش دەرزیی دژە گەیەنیان لێدەدرێت، تاوەکو بە هەموو شێوەیەک دووربن لە مشەخۆرەکان.
 
ئەو پزیشکە پسپۆڕە روونی دەکاتەوە، ئەو ئاژەڵانەی پشکنینیان بۆ کردوون هیچیان گومانی نەخۆشیی تای خوێنبەربوونیان لێ نەکردووە، تەنانەت هاونیشتمانییانیش ئاگاداردەکاتەوە، هیچ گۆشتێک لە کوشتارگە نایاساییەکان نەکڕن و بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ گۆشتدا بکەن.
 
لە کۆتایی قسەکانیدا رێنوێنیی ئاژەڵدارەکان دەکات کە لەکاتی بەکار‌هێنانی دەرمانی دژەقڕکەر، دەمامک و دەستكێش بەکاربهێنن و جلوبەرگی تایبەتیش بپۆشن.