پسپۆڕێک لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال: ئاوی هەندێک گەڕەکی هەولێر شیاو نییە بۆ خواردنەوە
رووداو - تەندروستی
هیوا جەمال لەنێو ستۆدیۆ بە ئامێری پێوانەکردنی تەنۆلکەکانی نێو ئاو کە بە TDS ناسراوە پشکنین بۆ چەند جۆرێکی ئاو دەکات، پسپۆڕێکیش دەڵێت: ئاوی هەندێک گەڕەکی هەولێر مادە تواوە و کانزاییەکانی تێدا زۆرە.
بەپێی ئەو ئامێرە، ئەگەر ئەنجامی ئامێرەکە لەنێوان 80 بۆ 100 بوو ئەوا، ئاوێکی گونجاوە بۆ خواردنەوە، ئەگەر رێژەکە نزیک بوو لە 120 ئەوا ئاوێکی قورسە و تەنۆلکەی زۆری تێدایە، ئەگەریش رێژەکە نزیک بوو لە 180 ئەوا ئاوێکی زۆر قورسە، بەڵام بەگوتەی میوانەکەی، ''TDS تەنیا شیاوێتیی ئاوی بۆ خواردنەوە دەردەخات، نەک پیسی و خاوێنی''.
ئەنجامی پشکنینی ئاوەکان
- ئاوی بەلوعە؛ بە ئامێرەکە 170 بوو.
- ئاوی بەرخۆر؛ بە ئامێرەکە 88 بوو.
- ئاوی بتڵ؛ بە ئامێرەکە 75 بوو.
- ئاوی فیلتەرکراو بە فلتەری ساردکەرەوەکان؛ بە ئامێرەکە 27 بوو.
د. رێبوار ناسر، پسپۆڕی ژینگە و ئاو میوانی بەرنامەکەیە و دەڵێت: بەپێی پێوەرەکانی تەندروستیی جیهانی، ئەگەر رێژەی ئامێرەکە لە 500 زیاتر بوو، ئەوا بۆ خواردنەوە گونجاو نابێت.
د. رێبوار ئەوەی ئاشکرا کرد، ئاوی هەندێک گەڕەکی هەولێر RDSـیان لە 500 زیاترە کە خوێ و کانزای تواوەی زۆریان تێدایە.
ئەوەش باس دەکات، ئاوی هەندێک گەڕەکی هەولێر نیتراتیان تێدایە کە شیاو نییە بۆ خواردنەوە وەکو هەندێک بیری 'گەڕەکی نەورۆز {دەوروبەری مزگەوتی رفاعی} و گەڕەکی گڵکەند'.