'پزیشکانی ناڕازی'ـی هەرێمی کوردستان: داوای دامەزراندن و بەرزکردنەوەی پلەی زانستیمان دەکەین
رووداو - تەندروستی
پزیشکانی ناڕازی بەگوتەی خۆیان، بەیاننامەکەیان بە واژۆی سەروو هەزار و 600 پزیشکی دانەمەزراو، خولاو، پلەبەند و پسپۆڕییە جیاوازەکان پاڵپشتی کراوە و دەڵێن، ماوەی یاسایی کارکردنی پزیشکان کۆتایی هاتووە و تاوەکو ئێستا هیچ ئومێدێک بۆ چارەسەری کێشەکانیان نییە.
ئەمڕۆ سێشەممە 3-6-2025 لە هەولێر لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان بەشێکی زۆری پزیشکان بە ناوی 'پزیشکانی ناڕازی' گردبوونەوە؛ دکتۆر خاڵس زیاد، نوێنەرێکی پزیشکانی ناڕازییە و گوتی، تاوەکو وەڵامی داواکارییەکانیان نەدرێتەوە و رێگەچارەیەکی گونجاو بۆ کێشەکانیان دانەنرێت، ئەوان هەر بەردەوام دەبن لە گردبوونەوە و بایکۆتی کار.
دانیا فارس، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکیی گشتییە و وەکو پاڵپشتی هاوپیشەکانی داهاتووی چووەتە نێو پزیشکانی ناڕازی و دەڵێت: ''ئەگەر پزیشکان دانەمەزرێن، ئەوا چارەنووسی ئێمەش دیار نییە و نائومێد دەبین، چونکە سیستمی پزیشکی ئەگەر دامەزراندنی تێدا نەبێت، تێکدەچێت''.
دکتۆر چرا نەجات، پزیشکێکی خولاوە و دەڵێت: ''لەبەر وەستانی دامەزراندنی پزیشکانی گشتیی ساڵی 2024، پلە بەرزکردنەوەی ئێمەش دواکەوتووە، داوا لە سەرۆکوەزیران دەکەین، کێشەکەمان بۆ چارەسەر بکات، چونکە لەگەڵ وەزیری تەندروستی نەگەیشتووین بە هیچ ئەنجامێک''.