هۆشداریی پسپۆڕێک: شێرپەنجەیەکی باوی غودە لەنێو خانماندا زۆرە و پشکنین بکەن

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەشتەرگەرییەکانی غودە و گرێیەکانی مل رایدەگەیێنێت، ‎شێرپەنجەی غودەی جۆری پاپیلەری ‎شێرپەنجەیەی غودەیە کە باوترین جۆرە، 80٪ـی شێرپەنجەکانی غودە پێکدەهێنێت و لەنێو خانماندا بڵاوە.
 
د. هەردی محەممەد، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی غودە و گرێیەکانی مل بە رووداوی راگەیاند، ‎بەزۆری لەنێوان تەمەنی 30 بۆ 40 ساڵی زۆرە و زیاتر لە خانمان بەربڵاوە.
 
بەپێی ئەو پسپۆڕە، ‎هۆکارەکان بریتین لە؛
 
‎1- بەرکەوتنی زۆر بە تیشک.
‎2- بوونی نەخۆشییەکە لە خێزانەکەدا.
‎3- کەمیی ئایۆدین.
‎4- رەگەز؛ لە خانمان زۆرە.
5- بوونی گرێ لەغودە.
 
‎لەبارەی چارەسەریشەوە گوتی، ''‎باشترین چارەسەر یان تاکە چارەسەر نەشتەرگەرییە ئەویش بە لابردنی تەواوی غودەی دەرەقی و هەندێکجار پاکردنەوەی لیمفە گرێیەکانی دەوروپشتی غودەکە و مل ''. هەروەها چارەسەری وەرگرتنی تیشکیی ئایۆدین دوای نەشتەرگەری، کە بەپێی قۆناخی شێرپەنجەکە دیاری ئەکرێت.
 
لەکۆتاییدا باسی پێشگیریکردن دەکات و دەڵێت: پێویستە ئەوانەی لەنێو ماڵابەتەکەیان نەخۆشییەکە هەیە، پشکنینی پێشوەختە بکەن و خۆراکی دەوڵەمەند بە ئایۆدین بخۆن.