چارەسەرکارێکی پێست: جەمەدانی پێستی سەر لە سووتان دەپارێزێت و فێنکی دەکاتەوە

رووداو - تەندروستی

ئێستا پلەکانی گەرما بەرزبوونەتەوە و پێویستە رێگەکانی خۆپاراستن لە تیشکی خۆر جێبەجێبکرێن، چارەسەرکارێکی پێست لەبارەی لەسەرکردنی جەمەدانی و کەشیدە بۆ ئەو مەبەستە رایدەگەیێنێت: پێستی سەر لە سووتان دەپارێزێت و فێنکی دەکاتەوە. 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3-7-2025 رۆژان عەبدولکەریم، چارەسەرکاری پێست لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، جەمەدانی پارێزەرێکی کاریگەرە بۆ پێستی سەر و تەنانەت بۆ مووەکانیش، کە سەلکی مووەکان دەپارێزێت لە تیشکی زیانبەخشی خۆر و دەشێت سپیبوونیان دوابخات.
 
بەڵام رۆژان عەبدولکەریم هۆشداری دەدات و دەڵێت: ''زۆرلەسەرکردنی جەمەدانی و مانەوەی بۆ چەندان کاژێر پەسند نەکراوە و باشترە چەند کاژێر جارێک لاببرێت''.
 
ئەو دەشڵێت: جەمەدانی دەکرێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی هەڵوەرینی قژ، چونکە سەلکی مووەکان لە تیشکی زیانبەخشی خۆر دەپارێزێت.
 
ئەوەشی باسکرد، جەمەدانی بۆ پێستی دەموچاو سوودی نابێت ئەگەر سێبەری لەسەر دروست نەکات.

رێنوێنییەکانی خۆپاراستن لە خۆر و گەرمای هاوین