پسپۆڕێک: منداڵ بە ڤاکسینی دژەسوورێژە نەکوترێت، ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان رایدەگەیێنێت، زۆرینەی ئەوانەی تووشی لێکەوتە مەترسیدارەکانی سوورێژە دەبن، ڤاکسینیان وەرنەگرتووە یاخود کوتانیان دواکەوتووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3-7-2025 د. تەرزە عەلی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان لە بووڵتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، ئەگەر کاتی کوتانی ڤاکسین دواش بکەوێت، ئاساییە بەڵام هەر دەبێت بکوترێت.
د. تەرزە عەلی، پسپۆڕی منداڵان گوتی، سوورێژە نەخۆشییەکی زۆر گوازراوەیە و دەشێت لێکەوتەی مەترسیداری هەبێت، بەتایبەت لەو منداڵانەی بە ڤاکسینی دژەسوورێژە نەکوتراون.
لێکەوتەکانی تووشبوون بە سوورێژە؛
-تای بەرز
-کۆکە
-سووربوونەوەی چاو
-خوران
-دەردراوی لووت
-هەوکردنی سییەکان
-هەوکردنی پەردەی مێشک
- گیانلەدەستدان
ئەو پسپۆڕە گوتی، منداڵ دوو ژەم ڤاکسینی سوورێژە وەردەرگرێت کە ژەمی یەکەم لە تەمەنی 12 بۆ 15 مانگییەوە دەکرێت و ژەمی دووەم لە تەمەنی 4 بۆ 6 ساڵیدا دەکرێت.