گۆڕانکارییەکی مینیوی چێشتخانەکان هانی خەڵک دەدات خۆراکی تەندروستتر بخۆن
رووداو - تەندروستی
توێژەرانی توێژینەوەیەکی نوێ لە ئەنجامەکانیاندا پێشنیاز دەکەن، لەسەر مینیوزی چێشتخانەکاندا رێژەی خوێی نێو خۆراکەکان بنووسرێت، بۆ ئەوەی سەردانکەران پێش بەتامیی خۆراکەکە، رەچاوی بڕی خوێی تێکراویش بکەن.
توێژینەوەکە لە زانکۆی لیڤەرپوول لە بەریتانیا کرا و لە گۆڤاری پزیشکیی لانسێتدا ئەنجامەکانی بڵاوکراونەتەوە، دەرکەوت؛ دانانی ئاگادارییەک بۆ بڕی خوێی نێو خۆراکەکان لەسەر مینیوی چێشتخانەکاندا، وای لە بەشداربووان کردووە رەچاوی بڕی خوێکە بکەن و بژاردەی خۆراکی تەندروست هەڵبژێرن، بەمەش وایان لێهاتووە رۆژانە 0.5 گرام خوێ کەمتر بخۆن.
د. رێبیکا ئیڤانس، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: دانانی لەیبڵ {پارچە کاخەزێک کە لەسەر شتێک دادەنرێت} بۆ دیاریکردنی رێژەی خوێی نێو خۆراکەکان یارمەتیدەرە لەوەی خەڵک داوای خۆراکی تەندروستتر بکەن.
بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، کەسێکی ئاسایی دەبێت رۆژانە کەمتر لە پێنج گرام خوێ بخوات واتا ئەوەندەی کەوچکێکی چا.
بەپێی CDC، ساڵانە مردنی 1.8 ملیۆن کەس پەیوەندیدارە بە زۆرخواردنی خوێوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی 'پەککەوتنی گورچیلەکان، بەرزەپەستانی خوێن، جەڵتە، ناڕێکیی دڵ و لوولەکانی خوێن، قەڵەوی و پووکانەوە ئێسکەکان' زیاد دەکات.