پسپۆڕێک: ژەکی شیری دایک زەردوویی منداڵ کەم دەکاتەوە

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکان و گەشەی منداڵان رایدەگەیێنێت، ژەک کە سەرەتای شیری دایکە دوای منداڵبوونی، پێویستە بدرێت بە منداڵ و ''ئەوەندەی زێڕ بەنرخە''.
 
د. دیلان رەمزی، پسپۆڕی نەخۆشییەکان و گەشەی منداڵان لە بووڵتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، ژەک بڕێکی کەمیش بێت بەشی منداڵی کۆرپە دەکات و ''ئەوەندەی زێڕ بەنرخە''.
 
ئەو پسپۆڕە باسی سوودەکانی ژەک دەکات وەکو؛ 
 
- سیستمی بەرگری بەهێز دەکات
- کۆئەندامی هەرس دەپارێزێت
- ریخۆڵەکان پاک دەکاتەوە
- زەردوویی کەم دەکاتەوە
- ئاسان هەرس دەکرێت
 
لەبارەی هەڵەیەکەوە گوتی، نابێت خانمانی دووگیان پێش منداڵبوون ژەک لەخۆیان دەربکەن، چونکە دوای منداڵبوون گۆڕانکاریی هۆرمۆنی روودەدات و وادەکات ژەکی دایکەکە بە تەواوی ئامادە بێت لەڕووی پێکهاتەکە و بڕی خۆراکییەوە.