چۆن دایک شیری خۆی زیاد بکات؟
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان روونی دەکاتەوە و بە دایکان دەڵێت، دەبێ زوو زوو شیر بدەی بە منداڵەکە، چونکە کاتێک منداڵ سینگی دایکی دەمژێت دەبێتە هۆی دەردانی دوو هۆڕمۆن، یەکێکیان دەبێتە هۆی زیادکردنی دروست کردنی شیر، ئەوەی دیکەیان دەبێتە هۆی زیاتر دەردانی شیر.
د. پشدەر عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان پێشنیازی مەساجکردنی مەمکەکان دەکات بۆ باشترکردنی شرپێدان بە کۆرپە و بە دایکان دەڵێت: دەتوانی مەساج بۆ سینگت بکەیت لەکاتی شیرپێداندا بۆ ئەوەی شیرە باشەکە بێتە دەرەوە و زۆرترین بڕی شیریش بێت.
ئەم خاڵانەش بۆ زیادکردنی شیری دایک باس دەکات؛
1- دایک دەبێ لەڕووی دەروونییەوە خۆی ئاسوودە بکات، چونکە خەمۆکی و دوودڵی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی شیری دایک.
2- دەبێ زوو زوو شیر بدەی بە منداڵەکە، چونکە کاتێک منداڵ سینگی دایکی دەمژێت دەبێتە هۆی دەردانی دوو هۆڕمۆن، یەکێکیان دەبێتە هۆی زیادکردنی دروست کردنی شیر، ئەوەی دیکەیان دەبێتە هۆی زیاتر دەردانی شیر.
3- دەبێ لەگەڵ هەر شیرپێدانێکدا منداڵەکە لەهەر دوولای سینگت شیر بخوات، ئەگەر هەستت کرد لەتوانای دایە تەنیا یەک لا بەتاڵ بکاتەوە و دواتر هیلاک ئەبێ و ناتوانێت ئەوەی تریان بەتاڵ بکاتەوە، ئەبێ هەرکە هەستت کرد شیرخواردنی هێواش بووەتەوە بیبەیتە لاکەی دیکە.
4- دەتوانی مەساج بۆ سینگت بکەیت لەکاتی شیرپێدانا بۆئەوەی شیرە باشەکە بێتە دەرەوە و زۆرترین بڕی شیریش بێت.
5- دەبێت رێگەی شیرپێدانەکە باش بێت.
6- نابێت مەمەوشکە و شیری قوتوو بەکاربهێنیت.
7- زیادکردنی هەندێک جۆری خۆراک لەلایەن دایکەکەوە شیری دایک زیاد دەکات وەکو (سپێناخ، برنج، گێزەر، ماسیی سەلەموون و پرتەقاڵ).
8- دەبێ هەوڵ بدرێت بڕێکی باش شلەمەنی و ئاو بخورێنەوە، بەڵام نابێ بەزۆر بێت.
سوودەکانی شیری دایک بە هەفتەیەک تەواو نابن، بەڵام لە دێسکی تەندروستیی رووداو هەوڵدەدەین نوێترین زانیارییەکان لەسەر شیری دایک رابگەیێنین و هەفتەیەک رووماڵمان بۆ ئەو بابەتە داناوە بە ناوی ''شیری دایک، ڤاکسینێک لە بەهەشتەوە''.