سەندیکای پزیشکانی کوردستان: لە هەولێر 14 کەس دراونەتە دادگە کە پزیشک نەبوون و کاری جوانکارییان بۆ خەڵک کردووە

رووداو - تەندروستی

لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان رایدەگەیێنێت، لەماوەی چوار مانگی رابردوودا 14 کەس دراونەتە دادگە کە پزیشک نەبوون و کاری جوانکارییان بۆ خەڵک کردووە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 3-8-2025 د. ئامانج وەفایی، گوتەبێژی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ئەوانەی سکاڵایان لێکراوە لە ماڵ و ساڵۆنەکان جوانکارییان بۆ خەڵک کردووە، بەبێ ئەوەی بڕوانامەیان هەبێت و تەنانەت ئەو مادەیەی بەکاریشیان هێناوە بە کواڵیتیی کۆنتڕۆڵدا تێنەپەڕیوە.
 
د. ئامانج وەفایی دەڵێت: بەداخەوە بەشێکی خەڵک دەبنە قوربانیی ئەو کەسانەی کە خۆیان وەکو پزیشک دەناسێنن و لە شوێنە نافەرمییەکان جوانکاری بۆ خەڵک دەکەن. {کچێک لە ماڵێکدا فیلەر دەکات و روخساری تێکدەچێت، راپۆرتەکەی ببینە}.
 
بەپێی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان لەماوەی چوار مانگی رابردوودا 17پزیشک ئاگادارکراونەتەوە کە پابەند نەبوون بە رێکارەکانی سەندیکاوە، هەروەها سزای پێبژاردنیش بەسەر '5 نەخۆشخانەی تایبەت، 1 سەنتەری پزیشکی و 8 پزیشکی خاوەن نۆرینگە' جێبەجێکراوە.
 
لەم بارەیەوە د. ئامانج وەفایی بۆ رووداوی روونکردەوە، بەشێک لە پزیشکانی وڵاتانی دیکە بەبێ مۆڵەت لە نەخۆشخانە تایبەتەکان کاردەکەن و ئەوانیشیان سزا داوە.
 
لە کۆتاییدا سەندیکاکە رایگەیاندووە، 45 شوێنیان داخستووە و خاوەنەکانیان لە کارکردن راگرتووە بەهۆی (خۆناساندن و کارکردن وەکو پزیشک بەبێ ئەوەی پزیشک بن و ناسنامەی سەندیکای پزیشکانیان هەبێت، هەروەها داخستنی نۆرینگەی پزیشک بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی سەندیکا).