ئامارەکانی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر؛ مانگی رابردوو 103 پێوەدانی دووپشک تۆمار کراون
رووداو - تەندروستی
نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر رایدەگەیێنێت، مانگی رابردوو 103 کەس دووپشک پێوەیداون و 88 کەسیش سەگ گەستوونی.
بەپێ ئەو ئامارانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر بڵاوی کردوونەتەوە، ژمارەی پێوەدراوانی دووپشک لە مانگی ئاب بەراورد بە مانگی تەممووز زیادی کردووە؛ لە 89 پێوەدراوەوە بووە بە 103. بەڵام گەستنی سەگ کەمی کردووە؛ لە 94 گەستراوەوە بووە بە 88.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3-9-2025 د. سۆلین کاوە، پزیشکی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، تائێستا هیچ کەسێک بەهۆی پێوەدانی دووپشکەوە دووچاری مەترسی نەبووەتەوە، بەڵام بەشێک لە گەستراوانی مار دۆخی تەندروستییان ناجێگیر بووە و هەبووە هەفتەیەک لە نەخۆشخانە ماوەتەوە.
د. سۆلین کاوە دەڵێت: تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان وەکو 'شەکرە، شێرپەنجە، بەرزەپەستانی خوێن' بەرگریی جەستەیان لاوازە و پێویستە باشتر یاگایان لەخۆیان بێت، چونکە بە هەر پێوەدانێک دەشێت ژیانیان بکەوێتە مەترسییەوە.
لەبارەی پێوەدانی دووپشکیشەوە، لە شەش مانگی ئەم ساڵەوە 148 پێوەدراو و لە شەش مانگی ساڵی رابردووش 170 پێوەدراو تۆمار کراون.
ئامارەکانی ئەمساڵ بەم شێوەیەن؛
مانگی یەک
پێوەدانی دووپشک؛ 14 و گەستنی سەگ؛ 58
مانگی دوو
پێوەدانی دووپشک؛ 4 و گەستنی سەگ؛ 54
مانگی سێ
پێوەدانی دووپشک؛ 9 و گەستنی سەگ؛ 40
مانگی چوار
پێوەدانی دووپشک؛ 39 و گەستنی سەگ؛ 61
مانگی پێنج
پێوەدانی دووپشک؛ 39 و گەستنی سەگ؛ 46
مانگی شەش
پێوەدانی دووپشک؛ 43 و گەستنی سەگ؛ 61
بۆ پێوەدانی دووپشک
- شوێنی پێوەدان بشۆردرێت
- بەفری لەسەر دابنرێت
- شوێنەکە نەجووڵێندرێت
- ئازارشکێن بەکاربێت
- ژەهرەکە نەمژرێت
- شوێنەکە نەبەسترێت
کەسەکە ببرێت بۆ نەخۆشخانە لەکاتی
- سڕبوون
- گەشکە
- هەناسەتەنگی
- رشانەوە