WHO: فیلتەری جگەرە فێڵێکی بازرگانییە و مەترسیی جگەرە کەم ناکاتەوە
رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، فیلتەری جگەرەکان کە ''گوایە مەترسییەکەی کەم دەکاتەوە'' راست نییە و تەنیا ''فێڵێکی بازرگانییە''.
بڵاوکراوەیەکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO دەردەخات، جگەرە بە فیلتەر و بەبێ فیلتەریش بکێشرێت هەر زیانی دەبێت، تەنانەت فیلتەر ئارەزووی جگەرەکێشان زیاد دەکات و وازهێنانیش قورستر دەکات.
پسپۆڕانی WHO جەخت لەوە دەکەنەوە، بە توێژینەوە سەلمێندراوە کە ئەو فیلتەرانە رێخۆشکەرن بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان و هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر هەڵنەمژینی تووتن و مادە زیانبەخشەکانی نێو جگەرە نییە.
پڕۆژە جیهانییەکەی رووداو بۆ وازهێنان لە جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان
پڕۆژەی ئەنتیتۆباکۆ لە ساڵی 2017 دەستیپێکرد، تاوەکو 2020 نزیکەی 40 هەزار کەس لە شوێن و وڵاتی جیاوازەوە بەشدار بوون، تەنیا ئەم ساڵ نزیکەی 15 هەزار کەس بەشدارن، 2889 کەس لەوانە پشکنینەکانیان بە سەرکەوتوویی تێپەڕاندووە و 100 کەسیشیان ناویان چووە نێو تیروپشک.
ئامانجی پرۆژەی ئەنتیتۆباکۆ دووربوونی هاونیشتمانییانە لە جگەرە و نێرگەلەکێشان و بەرهەمهێنانی نەوەیەکە دوور لە جگەرە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی، تاوەکو ئێستا بەشێکی زۆری هاونیشتمانیان لە رێگەی پرۆژەکەوە بە سەرکەوتوویی وازیان لە جگەرە هێناوە و ئێستا لە تەندروستییەکی زۆرباش و دوور لە دووکەڵی جگەرە دەژین.
لە ماوەی رابردوودا سێ ساڵ بەسەریەکەوە، 2017 تاوەکو 2020 تۆڕی میدیایی رووداو وەکو یەکەم میدیا لە جیهاندا کەمپینی ئەنتیتۆباکۆی بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە بەڕێوەبرد، لەو سێ ساڵەدا نزیکەی 40 هەزار کەس لە هەموو بەشەکانی کوردستان و کوردانی تاراوگەش بەشدارییان تێداکرد و وازیان لە تووتن هێنا.
گەیلان محەممەد بەشداربوویەکی ئەنتیتۆباکۆ بوو، لە هەڵمەتەکەی ئەمساڵدا وازی لە تووتن هێنا و ئۆتۆمبێلێکی بردەوە؛ ئەو دانیشتووی گوندی لاجانە لە دەوروبەری هەولێر و تەمەنی 30 ساڵە.