لە زاخۆ یەکەمین نەخۆشخانەی تایبەت بە منداڵان دەکرێتەوە
رووداو - تەندروستی
لە زاخۆ نەخۆشخانەکی منداڵان بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دینار دروستدەکرێت و دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی سەردانی هاونیشتمانییان بۆ نەخۆشخانەکانی دهۆک.
کارکردن لە پڕۆژەی دروستکردنی یەکەمین نەخۆشخانەی تایبەت بە منداڵان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەردەوامە، کە زیاتر لە ساڵێکە دەستیپێکردووە و چاوەڕوان دەکرێت ببێتە ناوەندێکی گرنگی تەندروستی بۆ منداڵانی سنوورەکە.
یەحیا سامی، سەرپەرشتیاری ئەندازیارانی پڕۆژەی نەخۆشخانەی منداڵان لە زاخۆ ئەمڕۆ چوارشەممە 3-9-2025 بە رووداوی راگەیاند: "نەخۆشخانەکە بە گوژمەی دوو ملیار و دووسەد ملیۆن دینار دروست دەکرێت و لە سێ نهۆم پێکدێت."
سەبارەت بە وردەکارییەکانی دیزاینی نەخۆشخانەکە، یەحیا سامی گوتی: "نهۆمی خوارەوە تایبەت کراوە بە کلینیکی راوێژکاری کە تاوەکو نیوەڕۆ خزمەتگوزاری پێشکەش دەکات. هەروەها بەشی فریاکەوتنیشی لە 36 تەخت پێکدێت بۆ پێشوازیکردن لە حاڵەتە بەپەلەکان."
پڕۆژەکە لەسەر رووبەری سێ هەزار و 300مەتر دووجا جێبەجێ دەکرێت. بەپێی زانیارییەکانی پێشووتر، لە رێکەوتی 16ی نیسانی 2023 دەست بە کارکردن لەم پڕۆژەیە کراوە و ماوەی 360 رۆژی بۆ تەرخان کراوە.