توێژینەوەیەکی نوێ: کێشەی دەروونی مرۆڤ پیر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
توێژینەوەیەکی ئەمریکی دەریدەخات کە چەند شتێک زیاتر لە جگەرەکێشان مرۆڤ پیردەکەن کە کێشەی دەروونی دیارترینیانە.
چەندین هۆکاری جیاواز هەن کە کاریگەری دەخەنەسەر مرۆڤ و دەبنەهۆی زووتر پیربوونی، وەک بۆماوەیی و شێوازی ژیان و ماندووبوون. بەڵام دوایین توێژینەوە کە لەلایەن پەیمانگەی نیشتمانی بۆ توێژینەوە لەسەر پیربوون کە بنکەی سەرەکی لە ویلایەتی مێریلاندی ئەمریکایە دەریدەخات کە تەنیابوون، دڵتەنگبوون و کێشەی دەروونی زیاتر لە جگەرەکێشان مرۆڤ پیردەکەن.
فیدۆر گالکین، توێژەر لە پەیمانگەی نیشتمانی بۆ توێژینەوە لەسەر پیری کە توێژینەوەکەی ئەنجامداوە و لە گۆڤاری Agingـی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە دەکات کە "بە باشکردنی تەندروستیی دەروونی، مرۆڤ دەتوانێت تەندروستیی جەستەی باشتر بکات". دەشڵێت، دەکرێت تەندروستیی مێشک و بواری سۆزداریت کاریگەری لەسەرت هەبێت و ببێتە هۆی پیربوونت.
فیدۆر گالکین بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمەڵێک توێژەری چینی توێژینەوەکەیان ئەنجامداوە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر کاریگەرییەکانی تەنیایی، کەمخەوی و دڵتەنگی کردووە لەسەر پیربوونی پێشوەختە.
11 هەزار و 914 کەسی پێگەیشتوو لە چین بەشدارییان لە توێژینەوەکەدا کردووە و کە لە چینی جیاوازی کۆمەڵگە بوون وەکو بێ هاوژین، خەڵکی گوند و خەڵکی شار، جگەرەکێش و ئەوانەی کێشەی دەروونییان هەیە.
توێژینەوەکە دەریدەخات ئەوانەی کێشەی دەروونییان هەیە، هەروەها ئەوانەی بێهیوان یانیش دڵتەنگن، 1.65 ساڵ زووتر لە کەسانی ئاسایی پیردەبن. توێژینەوەکە دەریدەخات، ئەو کەسانەی جگەرەکێشن 1.25 ساڵ زووتر لە کەسانی ئاسایی کاریگەرییەکانی پیرییان لەسەر دەردەکەوێت.
هاوکات، ئەوانەی لە گوندەکان دەژین و دەستیان بە چارەسەری پێویست ناگات 0.42 ساڵ زووتر کاریگەریی پیرییان لەسەر دەردەکەوێت و ئەوانەشی کە هێشتا ژیانی هاوژینییان پێکنەهێناوە کەمترین کاریگەریی پیربوونیان لەسەرە کە 0.32 ساڵ لەو کەسانەی کە هاوسەرگیرییان کردووە، زووتر پیردەبن.