زانکۆی جیما: زۆر بەکارهێنانی کۆمپیوتەر تووشبوون بە کۆنیشانەی نەخۆشیی چاو بە کۆمپیوتەر زیاددەکات
رووداو- دیجیتاڵ
توێژینەوەیەکی زانکۆی جیما لە ئەسیوپیا رایدەگەیێنێت کۆنیشانەکانی نەخۆشیی چاو بە کۆمپیوتەر لەو کەسانەی بەشێوەیەکی نازانستی کۆمپیوتەر بەکاردەهێنن زیاترە و زۆربەی بەکارهێنەرانی کۆمپیوتەر تووشی لێڵیی چاو دەبن.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری پزیشکی و تەندروستیی ناوچە گەرمەکان دەریخستووە کۆنیشانەکانی نەخۆشیی چاو بە کۆمپیوتەر CVS بریتین لە دەرکەوتنی یەکێک یان چەند نیشانەیەک وەکو (کزانەوە و وشکیی چاو، سووربوونەوە و لێڵبوونی چاو، زیاد رژانی فرمێسک، سەرئێشە و هەستیاری بەرامبەر بە رووناکی).
لە توێژینەوەکە 2600 بەکارهێنەری کۆمپیوتەر بەشداربوون، کە بۆ ماوەی زیاد لە سێ کاژێر کۆمپیوتەریان بەکاردەهێنا، دەرکەوت کۆنیشانەکانی نەخۆشیی چاو بە رێژەی جیاواز لە بەشداربووان دەرکەوتووە و لێڵیی چاو باوترین نیشانەی نێو تووشبووان بوو، بەجۆرێک نیشانەکان بەم شێوەیە بوون (34٪ تووشی لێڵیی چاو، 32٪ ماندووبوونی چاو، 30٪ کزانەوەی چاو، 26٪ ئازاری سەر).
دکتۆر فێنتاهون ئادانە، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ''لە جیهاندا نزیکەی 60 ملیۆن کەس بەهۆی شاشەی کۆمپیوتەرەوە گیرۆدەی کۆنیشانەکانی نەخۆشیی چاو بە کۆمپیوتەرن، کە هاووڵاتییانی ئەسیوپیا بە رێژەی 73٪ کۆنیشانەکانیان لەسەر دەرکەوتووە.''
سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە روونیدەکاتەوە، کە دەشێت هەوڵبدرێت بۆ سنووردارکردنی کاتەکانی مانەوە لەبەردەم شاشەی کۆمپیوتەر و بەبێ رەچەتەی پزیشک چاویلکە بەکارنەهێنرێت، هەروەها لەکاتی بەکارهێنانی کۆمپیوتەردا پێویستە کارمەندان بە شێوازێکی گونجاو و زانستییانە لەبەردەم کۆمپیوتەرەکانیان دابنیشن.