هۆشداریی پزیشکان لەبارەی بۆن؛ نەخۆش هەبووە بەهۆیەوە تووشی نەخۆشیی درێژخایەن بووە
رووداو - تەندروستی
بەرنامەی ئەمجارەی لەگەڵ رەنج، لەبارەی بۆن بوو، بۆن لەنێوان جوانی و مەترسییەكانیدا گەنگەشە کرا و پزیشکێکی دەرمانساز دەڵێ، دەبێت بۆنی شوێنە پزیشکییەکان تایبەت بێت، تەنانەت ئەو گوتی، هەوڵدەدات بۆنی پزیشکی بهێنێتە هەرێمی کوردستان.
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار لەنێو بەرنامەکە ئاشكرای دەکات، بۆن کاریگەری لەسەر یادگەی مێشک هەیە، بەجۆرێک رەنگە بتوانێت نەخۆش بەهۆیەوە یادگەی بۆ بگەڕێتەوە.
د. زانا عەبدولڕەحمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار دەڵێت: بۆنکردن کاریگەریی لەسەر هەست و سۆز هەیە، بەڵام میوزیک زیاتر لە بۆن کاریگەریی لەسەر یادگەی مرۆڤ هەیە.
لەبارەی ''بەبۆنکەوتن''ـەوە گوتی، ''تاوەکو ئێستا زانست پشتڕاستی نەکردووەتەوە''.
د. چراخان محەممەد، پسپۆڕی هەناو و کۆئەندامی هەناسەدان لەبارەی کاریگەریی بۆن لەسەر خانمان دەڵێت: بۆن کاریگەریی لەسەر دەردانی هۆرمۆنەکان هەیە و دەشێت ببێتە هۆی تێکچوونی سووڕی مانگانە لە خانمان.
بەگوتەی د. چراخان، نەخۆش هەبووە بەهۆی بۆنەوە تووشی نەخۆشیی درێژخایەن بووە، هەر بۆیە هۆشداری دەدات کە دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ بۆن بکرێت.
دکتۆر دارا عەبدوڵڵا، پزیشکی دەرمانساز خەریکی بەرهەمهێنانی جۆرێکی تایبەتی خۆیەتی لە بۆن کە پزیشکی بێت و زیانی لەسەر جەستە نەبێت، ئەو دەڵێت: لە شەش مانگدا بۆنی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان بەردەست دەبێت و بۆنی تەندروست دەبێت کحولی تێیدا نەبێت.
هۆشداریش دەداتە کارمەندەکانی تەندروستی کە ''نابێت کارمەندانی تەندروستی بۆنی قورس بەکاربهێنن''.
ئەڤین ئەحمەد، چارەسەرکاری دەروونی بەشدارە لە بەرنامەکە و گوتی، یادگەی مرۆڤ بۆنەکان تۆمار دەکات و مرۆڤ لە رێگەی بۆنەوە یادگارییەکانی بیردەکەوێتەوە.
ئەڤین ئەحمەد گوتیشی، نێر و مێ وەکو یەکدی هەستیارن لە بۆنکردن و بۆن دەتوانێت گوشاری دەروونی کەم بکاتەوە.
ئەم ئینفۆگرافیکە ڤیدیۆییە ببینە و هەموو شتێکت لەسەر نرخ و بازرگانیی بۆن بۆ دەردەکەوێت