پسپۆڕێکی کورد لەنێو تیمی داهێنەرانی زانکۆی ئۆسلۆیە بۆ ئامێرێکی پزیشكی و خەڵات دەکرێت

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی کورد لە نەرویج لەگەڵ تیمێکدا کار دەکات بۆ ئەوەی ئامێرێکی پزیشکی بۆ پێوانەی مادەیەکی جەستە بەرهەم بهێنن، ئەو دەڵێت، داهێنانەکەیان بۆ وەرزشڤانان و تووشبووانی نەخۆشییەکانی دڵ گرنگە و رێگەیەکی نوێشە. هەروەها بەهۆیەوە خەڵاتێکی جیهانیش وەردەگرێت.
 
ئالان سامڕەند، هاونیشتمانیی رۆژهەڵاتی کوردستانە و پسپۆڕی جێنەتیکە لە نەرویج، بە رووداوی راگەیاند، لەگەڵ تیمێکی زانکۆی ئۆسلۆ خەریکی دروستکردنی ئامێرێکن بۆ پێوانەی مادەی لاکتەیت کە لە ئەنجامی وەرزشی چڕ و نەخۆشییەکی دڵ رێژەکەی لە جەستەدا زیاد دەبێت.
 
بەگوتەی ئالان سامڕەند، داهێنانەکەیان لە ئاستی کردەیی نێو تاقیگە سەرکەوتوو بووە و بەرنامەڕێژیی تەواوی بۆ کراوە بۆ ئەوەی ببێت بە ئامێر، بەڵام چاوەڕێی سپۆنسەری گونجاو دەکەن لە بەریتانیا، ئەڵمانیا و نەرویج.
 
ئالان سامڕەند دەڵێت: ئەو ئامێرە لە باسک دەبەسترێت، لەڕێگەی ئارەقەی ژێرپێستەوە پێوانەی لاکتەیت دەکات و لەڕێگەی کاتژمێرێکەوە ئەنجامەکە دیار دەکات، بۆ ئەوەی لەکاتی وەرزشدا رێژەی ئەو مادەیە بزاندرێت و چاودێریی بکرێت، چونکە لەکاتی بەرزبوونەوەیدا، پێویستە کەسەکە لە وەرزش بوەستێت و پشوو بدات، تاوەکو زیان بە ماسوولکەکانی نەگات.
 
هەروەها بۆ زوو دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی دڵیش گوتی، ئەگەر ئەو مادەیە بەرز ببێتەوە ئەوا نیشاندەری ئەوەیە ماسوولکەکانی دڵ تووشی شکست بوون و ئەگەری تووشبوون بە جەڵتە زۆرە.
 
لە کۆتاییدا ئەو پسپۆڕە کوردە گوتی، تیمەکەیان لە نۆ کەسی پسپۆڕی زانکۆی ئۆسلۆ پێکدێت و چاوەڕێی سپۆنسەرن بۆ ئەوەی کارەکەیان بکەن بە ئامێرێک و بەرهەمی بهێنن.
 
لەبارەی خەڵاتەکەیەوە ئاماژە بەوەدەکات، تیمەکەیان لەلایەن کۆمەڵگەی سێنسەتیک بایۆلۆژیی فەرەنسییەوە خەڵاتی زێڕینی لە رێوڕەسمی International Genetically Engineered Machine لە پاریس وەرگرت.
 
بەپێی مایۆکلینیک، لاکتەیت لە چەند دۆخدا بەرز دەبێتەوە وەکو؛
 
1- هەوکردنی خوێن
2- نەخۆشییەکانی ماسوولکەی دڵ
3- وەرزشی تووند و چڕ
4- نەخۆشییەکانی جگەر
5- کاریگەریی لاوەکیی هەندێک دەرمان
6- هەندێک نەخۆشیی جێنەتیکی
 
وێنەیەکی نموونەیی ئەو ئامێرەی ئالان سامڕەند و تیمەکەی دەیانەوێت دروستیبکەن.