پسپۆڕێکی کیمیای پیشەسازی: پاشماوەیەکی کێڵگە نەوتییەکان بەهەڵە فڕێدەدرێت و مەترسیدارە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی کیمیای پیشەسازی هۆشداری دەدات لە فڕێدانی جۆرێک پاشماوەی نەوتی پاڵاوگەکان و بە ''تیرۆرکردنی خاک و ژینگە'' ناوی دەبات.
د. کاوە شەریف، پسپۆڕی کیمیای پیشەسازی رایدەگەیێنێت، بەداخەوە لەسەر رێڕەوی گشتی و رێڕەوی بەنداوەکانی کوردستان مادەی رەش و پاشماوەی نەوتی خاو فڕێدەدرێت یاخود تێکەڵ بە ئاو دەکرێت کە ئەوە مەترسیدارە.
د. کاوە شەریف دەڵێت: پاشماوەی نەوتی خاو لە وڵاتە پێشكەوتووەکاندا سوودی پیشەسازی لێدەبیندرێت و جلوبەرگ و پێداویستیی رۆژانەی لێدروستدەکرێت، کەچی لە هەرێمی کوردستان ئەو پاشماوەیە کارەساتی لێدەکەوێتەوە.
ئەو پسپۆڕە باسی پێکهاتە رەشەکە دەکات و دەڵێت، بریتییە لە تێزاب (ترشی گۆگردیک، گۆگرد، گۆگرداتی سۆدیۆم، ئەسیل مێرکەپتان، CS2 و CaS) کە هۆکارن بۆ لەنێوبردنی خاک و تێکدانی جینی مرۆڤ و نەخۆشیی درێژخایەن.
زیاتر روونی دەکاتەوە، ئەم پێکهاتەیە لە پاشماوەی تێکەڵی نەوت و رۆنی گازوایل لە پاڵاوگە نایاساییەکان دەمێنێتەوە. نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان لەهەندێک ناوچە باش نییە و سەلفەری بەرزە کەچی لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێت و لە پاڵاوگە نایاساییەکاندا جۆرە رۆنێکی لێبەرهەمدێت کە سەلفەرەکەی سەروو (20000ppm)ـە کە هیچ رێگەپێدراو نییە بۆ بەکارهێنان.
بۆ لابردنی ئەو سەلفەرە بەرزە، تێزاب و هایدرۆکسیدی سۆدیۆم و بنتونايت بەکاردێت، دوای 4 کاژێر دوو چین دروستدەبن کە یەکێکیان ئەو مادە رەشەیە کە فڕێدەدرێتە نێو ئاو و سەر خاک.
د. کاوە کاریگەرییە مەترسیدارەکانی ئەو مادە رەشە باس دەکات بەم شێوەیە؛
- کاتێک ئەو مادە رەشە بەر خاک دەکەوێت، خاک تیرۆر دەکات و لەنێوی دەبات، چونکە جارێکی دیکە هیچ رووەک و سەوزاییەکی لێناڕوێتەوە.
- ئەگەر لە رێڕەوی بەنداو و باراناودا فڕێبدرێت و تێکەڵی ئاو بێت، ئەوا ئەو ئاوەش بەکەڵکی خواردنەوە و ئاودێری نامێنێت.
- ئەگەر بەر پێست بکەوێت و بچێتە جەستەوە، کەمتر لە ساڵێک کەسەکە تووشی نەخۆشیی درێژخایەن دەبێت و رەنگە شێرپەنجەشی لێبکەوێتەوە.