بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی رزگاری ژمارەیەک نەمام و گوڵدانی لەنێو هۆڵەکانی داناوە
رووداو - تەندروستی
بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی رزگاری لە شاری هەولێر، ژمارەیەک نەمام و گوڵدانی لەنێو هۆڵەکانی داناوە، بەرپرسێکی نەخۆشخانەکەش دەڵێت، ئامانج لێی ئارامکردنەوەی دەروونی نەخۆشەکانە.
ئەمڕۆ دووشەممە 3-11-2025 رێبین هەریری، بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر، بە رووداوی رایگەیاند، "چەند نەمام و گوڵێکی جوانمان بۆ بەشی فریاکەوتن داناوە بۆ ئەوەی نەخۆشەکان دەروونیان ئارامبێتەوە."
بە گوتەی رێبین هەریری، ئەم هەنگاوە کاریگەری ئەرێنی لەسەر نەخۆشەکان هەبووە و وایکردووە هەست بە ئارامییەکی زیاتر بکەن. ئەو گوتیشی، "بوونی ئەو گوڵ و نەمامانە وایکردووە نەخۆش ئارامتربێت."
بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی رزگاری ئاماژەی بەوەشکرد، گرنگییەکی زۆر بە پاکوخاوێنی نەخۆشخانەکە دەدەن و ئەمەش وایکردووە نەخۆشەکان واهەستبکەن کە سەردانی نەخۆشخانەیەکی تایبەتیان کردووە.