توێژینەوەیەک لە چین: ئاوی ژێرزەوی غودە تێکدەدات

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەک لە چین، ئاشکرای دەکات، خواردنەوەی ئاوی ژێرزەوی کاریگەری نەرێنی لەسەر فرمانی غودەی دەرەقی لە منداڵاندا هەیە.

توێژینەوەکە لە کۆلێژی پزیشکی تیەنجین لە چین، لەسەر منداڵانی تەمەن 3 بۆ 14 ساڵ ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە کە زیادبوونی رێژەی یۆد لە ئاوی ژێرزەویدا دەبێتە هۆی تێکچوونی فرمانی غودەی دەرەقی.
 
د. روی یانگ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی تیەنجین، گوتی، "منداڵان لە قۆناخی هەستیاری گەشەدان، بۆیە زیاتر لەژێر مەترسییەکانی زیادەڕۆیی لە وەرگرتنی یۆدددان، زیاد وەرگرتنی یۆد نەک تەنیا دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی رژێنی دەرەقی، بەڵکو لەوانەیە ببێتە هۆی دواکەوتنی گەشەشیان."
 
د. روی یانگ، ئاماژەی بەوەشکرد، "هیوادارن ئەنجامی توێژینەوەکەیان ببێتە هۆی داڕشتنی سیاسەتێک بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاستی یۆد لە ئاوی ژێرزەویدا، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە رێژەی یۆدیان بەرزە.
 
نیشانەکانی کەمچالاکیی غودە لە منداڵان
قەڵەوی
کەمخۆری و خەواڵوویی
زەردوویی درێژخایەن
دواکەوتنی گەشە
کێشە لە فێربوون 
ماندووبوونی بەردەوام
 
نیشانەکانی زۆرچالاکیی غودە لە منداڵان  
-کێشکەمی
-کێشەی خەوتن
-خێرا لێدانی دڵ
-تووڕەیی
-لەرزین
-نەخۆشیی خۆییە بەرگری