لە بەغدا و ئەنبار نزیکەی 100 کەس بەهۆی خواردنەوە ژەهراوی بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، بەهۆی خواردنی ناتەندروستەوە لە بەغدا و ئەنبار، نزیکەی 100 کەس ژەهراوی بوون. زۆربەی ژەهراویبووەکان دانیشتووی ناوچەی "سەدر یوسفییە" بوون و گەیێندراونەتە نەخۆشخانەی گشتیی عامریە.
 
رۆژی یەکشەممە 04-01-2026 سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێوارەی دوێنێ نزیکەی 100 کەس بەهۆی ژەهراویبوونەوە گەیێندرانە نەخۆشخانەکان؛ 83 کەسیان لە نەخۆشخانەی عامریەی فەللوجە لە پارێزگای ئەنبار، 9 کەس لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئەبوغرێب و 6 کەسی دیکەش لە نەخۆشخانەی یەرمووک چارەسەریان بۆ کرا."
 
بەگوێرەی سەیف بەدر، 15 لە ژەهراویبووەکان سەر بە فەرمانگەی تەندروستیی کەرخی بەغدا بوون و ئەوانی دیکە لە نەخۆشخانەی عامریە بوون. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، "سامپڵ لە خواردنەکان و نەخۆشەکان وەرگیراوە و تیمەکانمان رەوانەی شوێنەکە کراون بۆ زانینی هۆکاری وردی ژەهراویبوونەکە، کە ئایا بەهۆی ژەمە خۆراکێکەوە بووە یان هۆکارێکی دیکە."
 
لە لایەکی دیکەوە محەممەد عادل، گوتەبێژی فەرمانگەی تەندروستیی پارێزگای ئەنبار، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو کەسانەی گەیێندراونەتە نەخۆشخانەی گشتیی عامریە زۆربەیان منداڵن. گوتیشی: "ناوچەی سەدر یوسفییە لەڕووی جوگرافییەوە سەر بە بەغدایە، بەڵام بەهۆی نزیکیی لە نەخۆشخانەی گشتیی عامریە، بۆ وەرگرتنی چارەسەر گەیێندراونەتە ئەوێ."
 
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، گوتەبێژی تەندروستیی ئەنبار ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی گوتەی کەسوکاریان، ئەو کەسانە بەهۆی خواردنێکەوە ژەهراوی بوون، کە وەکو هاوکاری بەسەریاندا دابەشکرابوو.
 
بەگوێرەی هەردوو سەرچاوەکە، زۆربەی نەخۆشەکان دوای وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و هیچ کەسێک لەوان گیانی لەدەست نەداوە، بەڵام هەندێکیان بۆ چاودێریی زیاتر لە نەخۆشخانە ماونەتەوە.