پزیشکێک: ددانەکان پیس بن و نەشۆردرێن، شەکرە و پەستانی خوێن بەرز دەبنەوە
رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی نەخۆشییەکانی دەم و ددان رایدەگەیێنێت، نەخۆشییەکانی دەم و ددان وەکو (هەوکردنی پووک و شانەکانی دەوروبەری ددانەکان) دەتوانن کاریگەریی زۆریان لەسەر دڵ و لوولەکانی خوێن هەبێت.
دکتۆر هاوناز عەبدوڵڵا، پزیشکی نەخۆشییەکانی دەم و ددان ئاماژە بەم لێکەوتانەی نەشۆردنی دەم و ددان دەدات وەکو؛
1- بڵاوبوونەوەی بەکتریاکان بۆ نێو سووڕی خوێن؛ لەکاتی هەوکردنی پووک بەکتریاکان دەتوانن بگوازرێنەوە بۆ نێو سووڕی خوێن و بگەنە دڵ کە دەکرێت هۆکار بن بۆ هەوکردنی پەردەی نێوەوەی دڵ کە حاڵەتێکی لەناکاوی پزیشکییە و پێویستیی بە چارەسەری خێرایە.
2- زیادبوونی هەوکردن لە جەستەدا؛ ئەمەش دەبێتە هۆی تووشبوون بەنەخۆشییەکانی دڵ.
3- زیادبوونی مەترسییەکانی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ؛ بەپێی توێژینەوەکان ئەو کەسانەی هەوکردنی درێژخایەنی پووک و شانەکانی چواردەوری ددانیان هەیە مەترسیی تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ زیاترە.
4- کاریگەریی لەسەر پەستانی خوێن و شەکرەی خوێن؛ هەوکردنی دەم و ددان دەتوانێ پەستانی خوێن بەرز بکات و کۆنتڕۆڵکردنی شەکرەش خاوتر بکاتەوە.
لە کۆتاییدا پێشنیاز دەکات، بەم شێوەیە پاکوخاوێنیی ددانەکان بپارێزرێت؛
- پاککردنەوە و شووشتنی ددان رۆژانە دووجار.
- بەکارهێنانی دەزووی پاککردنەوەی نێوان ددانەکان.
- چارەسەری هەوکردنی پووک لەلایەن پزیشکی ددان.
- هەموو شەش مانگ جارێک سەردانی پزیشکی ددان بکرێت بۆ پشکنینی دەم و ددان.
- کۆنتڕۆڵکردنی شەکر و پەستانی خوێن.