بەرپرسانی نەخۆشخانەی نانەکەلی: 40%ی نەخۆشەکانمان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە دێن
رووداو - هەولێر
بەهۆی لاوازبوونی خزمەتگوزاری و چارەسەری بۆ شێرپەنجە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، تووشبووان روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن. بەپێی ئامارەکانیش، لە هەرێمی کوردستان لە هەر 100 هەزار کەس ساڵانە 95 بۆ 99 کەس تووشی شێرپەنجە دەبن.
ئەحمەد لە موسڵەوە بۆ چارەسەری شێرپەنجەی خوێن دوو ساڵە روویکردووەتە نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر، هەنگاوەکانی سەرەتای ژیانی لەگەڵ شێرپەنجە بەڕێدەکات و دونیای منداڵیی ئاوێتەی سێبەری قورسی ئەو نەخۆشییە بووە.
دایکی ئەحمەد دەڵێ "لە موسڵەوە بۆ چارەسەری کوڕەکەم هاتووین، نزیکەی دوو ساڵ و دوو مانگە چارەسەر لەو نەخۆشخانەیە وەردەگرێت، زۆر سوپاسی نەخۆشخانەی نانەکەلی دەکەین چونکە زۆر باشن و باش هەڵسوکەوت دەکەن، هیچ چارەسەرێک لە موسڵ نییە دوای ئەوەی کە رزگارکراین، سەرەتای رزگارکردنمان هیچ نەخۆشخانە و چارەسەرێک نەبوو".
کەسوکاری تووشبوویەکی دیکەی شێرپەنجە گوتی "ئێمە لە پارێزگای سەڵاحەددین هاتووین بۆ پارێزگای هەولێر، چونکە چارەسەر لای ئێمە نییە، هەر کە هاتین بۆ ئێرە بەپێی پێویست خزمەتیان کردین، نەخۆشەکەمان ماوەیەکی کەمە نەخۆشکەوتووە و خەریکە دۆخی تەندروستیی جێگیر دەبێت، بەڕاستی ستافی تەندروستیی ئێرە هیچ کەمتەرخەمییەکیان نەکردووە و زۆر باشن".
بەرپرسانی نەخۆشخانەی نانەکەلی دەڵێن، نزیکەی 40٪ی ئەو کەسانەی لە نەخۆشخانەکە چارەسەر وەردەرگرن لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە دێن.
لە سندوقی کۆمەک بە توشبووانی شێرپەنجەمان پرسی، یارمەتییەکانی حكومەتی عێراق و وەزارەتی تەندروستی لە بەغداوە تاوەکو چ راددەیەک گونجاوە لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی کە لە ناوچەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە بۆ چارەسەری شێرپەنجە دێنە هەرێمی کوردستان.
مۆفەق عەبدوڵڵا، سەرۆکی کاربەڕێکەری سندووقی کۆمەکی شێرپەنجە باسی لەوە کرد کە نەک هاوکاریی هاووڵاتییانی عێراقی، بەڵکو هاوکاریی ئاوارەکانیش دەکەن، گلەیی لە حکومەتی ناوەندیش کرد کە وەک پێویست هاوکارییان ناکەن لەڕووی ناردنی دەرمانەوە.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە لە هەر 100 هەزار کەس 200 کەس تووشی شێرپەنجە دەبن. لە ساڵی 2018 نزیکەی 18 ملیۆن حاڵەتی شێرپەنجە لە جیهاندا تۆمارکراون. بەپێی ئامارەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2019 لە هەرێمی کوردستان نزیکەی پێنج هەزار و 180 کەس تووشی شێرپەنجە بوون.