وەزیری تەندروستی: رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان کەم بووەتەوە

رووداو - تەندروستی

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە ستانداردی جیهانی و ساڵانی رابردوو کەمیکردووە و رێژەی مردنیش بەهۆی نەخۆشییەکەوە لەسەر ئاستی عێراق کەمترینە.
 
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بەپێی ستانداردی جیهانی لە هەر 100 هەزار کەسێک 190 کەس تووشبووی شێرپەنجەن، بەڵام لە ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان لە هەر 100 هەزار کەسێک 141 حاڵەت تۆمارکراوە، ئەمەش نیشانی دەدات کە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان کەمبووەتەوە."
 
بە گوتەی وەزیری تەندروستی، لە هەرێمی کوردستان 101 هەزار و 104 تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون، کە چارەسەریان تەنیا لە کەرتی حکومی بۆ دابین دەکرێت.
 
د. سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەشکرد، "نزیکەی 35% بۆ 40%ی ئەو نەخۆشانەی چارەسەر وەردەگرن، دانیشتووی هەرێمی کوردستان نین و خەڵکی شارەکانی دیکەی عێراقن."
 
سەبارەت بە خەرجییەکان، وەزیری تەندروستی گوتی: "لە ساڵی 2025دا نزیکەی 130 ملیار دینار بۆ دەرمان و پێداویستی پزیشکیی شێرپەنجە خەرجکراوە، کە 124 ملیار دیناری تەنیا بۆ دەرمان بووە."
 
د. سامان بەرزنجی جەختی لەوە کردەوە کە رەوشی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان بەهۆی پاڵپشتیی سندوقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە "زۆرباشە" و گوتی: "کەمترین رێژەی مردن بەهۆی شێرپەنجەوە لە ساڵی 2026 لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە بەراورد بە شارەکانی دیکەی عێراق."