نەخۆشخانەی هیوا: مانگی رابردوو 285 تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا رایدەگەیێنێت، رێژەی چاکبوونەوە لە شێرپەنجەی مەمک لە نەخۆشخانەکەیان لە سەرووی ستانداردی جیهانییەوەیە.
ئاماژە بەوەش دەکات، تەنیا لە مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 478 نەخۆشی نوێ تۆمارکراون، کە 285ـیان تووشبووی شێرپەنجە بوون.
رۆژی چوارشەممە 4-02-2026، دکتۆر یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کە هاوکات بوو لەگەڵ رۆژی جیهانیی شێرپەنجە، ئامارەکانی مانگی یەکی ساڵی 2026ـی خستەڕوو و رایگەیاند: "ئەم مانگە 478 نەخۆشی نوێ تۆمارکراون کە 285ـیان شێرپەنجە بوون، بەشەکەی دیکەیان ناشێرپەنجەیی بوون لە نەخۆشییەکانی خوێن."
دکتۆر یاد نەقشبەندی جەختی لەوە کردەوە، ئامارەکان بۆ ترس و تۆقاندن نین، بەڵکو بۆ خستنەڕووی راستییەکانن و گوتی: "ئەو ژمارەیەی راگەیێندراوە تەنیا هیی شاری سلێمانی نییە، بەڵکو نەخۆشی هەموو پارێزگاکانی عێراق روو لە نەخۆشخانەی هیوا دەکەن."
لەبارەی کوالێتی چارەسەرەکان بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا گوتی: "ئەو خزمەتەی لە نەخۆشخانەی هیوا پێشکێش دەکرێت، نەک لە عێراق، لە نەخۆشخانەکانی ناوچەکەشدا بوونی نییە."
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا باسی لە رێژەی چاکبوونەوەش کرد و رایگەیاند: "رێژەی چاکبوونەوە لە شێرپەنجەی مەمکدا لە سەرووی ستانداردی جیهانییەوە بووە؛ بۆ زۆربەی جۆرەکانی دیکەی شێرپەنجەش بە هەمانشێوەیە و نەخۆشەکانمان بۆ کەمترین شت پێویستیان بەوە دەبێت بچنە دەرەوە."
سەبارەت بە گرفتەکانی نەخۆشخانەکە و پلانی داهاتوویان، د. یاد نەقشبەندی گوتی، باڵەخانەی ئێستای نەخۆشخانەکە بچووکە و بەرگەی ئەو ژمارە زۆرەی نەخۆش ناگرێت. ئەوەشی ئاشکراکردپلانی ئەمساڵیان ئەوەیە بناخەی نەخۆشخانەی 'هیوای گەورە' لە شاری سلێمانی دابنێنن
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئاماژەی بە پلانی دروستکردنی سەنتەرێکی دەستنیشانکردنی پێشوەختە کرد بۆ ئەوەی بتوانن لە قۆناخی زۆر سەرەتاییدا شێرپەنجە دەستنیشان بکەن، یان بۆ ئەو حاڵەتانەی لە قۆناخی کۆتاییدان و سەردانیان دەکەن.
لەبارەی گرانیی نرخی دەرمان لە دەرەوەی نەخۆشخانە، دکتۆر یاد گوتی: "حەپ هەیە یەک دەنکی لە دەرەوەی نەخۆشخانە بە 300 هەزار دینارە، بەڵام ئێمە بێ بەرامبەر دەیدەینە نەخۆش. نزیکەی 90٪ـی دەرمانی نەخۆش دابین دەکەین."
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا گلەیی لە حکومەتی عێراق کرد رایگەیاند : "حکومەتی عێراق بە بیانووی بودجەی سیادی و هەندێ بیانووی دیکە، تەنیا بەشێک دەرمان بۆ نەخۆشخانەکەمان دەنێرێت." هیوای خواست لە کابینەکانی داهاتوودا کار لەسەر فراوانکردنی سندووقی شێرپەنجە بکرێت بۆ ئەوەی هەموو کەموکووڕییەکان چارەسەر بکرێن.