بە فەرمی ChatGPTـیەکی تەندروستی دامەزرا
رووداو - تەندروستی
ژیریی دەستکرد لە بواری تەندروستی فراوان دەکرێت و چات جی پی تییەکی تەندروستی دامەزرا. مانگی یەکی ئەم ساڵ کۆمپانیای OpenAI ژیرییەکی دەستکردی بۆ پرسیار و بابەتە تەندروستی و پزیشکییەکان دانا، بەڵام هێشتا پسپۆڕان هۆشداری جیدی لەبارەیەوە دەدەن.
د. رۆبێرت واچەر، پسپۆڕی تەکنەلۆژیای پزیشکی لە زانکۆی کالیفۆرنیا دەڵێت: ''هێشتا دەڵێم، ئەگەر نیشانەی تووندت هەیە یاخود ئەو نیشانانەت هەیە کە ئێمەی پزیشک وەکو مەترسی دایاندەنێین، یانیش سکئێشەی تووند، سەرئێشەی درێژخایەن و ئازاری سینگت هەیە بەتایبەت لە بەیانیاندا، ئەوا بۆ ئەو جۆرە کێشانە دەبێت سەردانی پزیشکێک یان کارمەندێکی تەندروستی بکەیت''.
ئامانجی سەرەکی لە دانانی ژیریی دەستکردی تەندروستی، وردیی زیاتری وەڵامەکانە، بەتایبەت شیکردنەوەی ئەنجامی پشکنینە تاقیگەییەکان بۆ دیاریکردنی نەخۆشی.
د. رۆبێرت واچەر، پسپۆڕی تەکنەلۆژیای پزیشکی لە زانکۆی کالیفۆرنیا گوتی، ''ئێستا نەخۆشەکان ژیرییەکی دەستکردی باشر بەکاردەهێنن لەوەی لە رابردوودا هەبووە، جا هەریەک لە چات جی پی تی، جێمینای یاخود کڵاود بێت، ئەویش ئەوەیە کە رێگە بە نەخۆش یاخود پزیشک دەدات کە وەڵامی هەموو جۆرە پرسیارێکی دەستبکەوێت''.
تەکنەلۆژیاکە ئەوەی جیاوازە، کە دەبێت مێژووی پزیشکی کەسەکە و تێبینییەکانی پزیشک پاشانیش رەچەتەی دەرمانی کەسەکە تێیدا تۆمار بکرێن، ئینجا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی تەندروستیی کەسەکە دەکات.
ئەمەش هەڵەتێگەیشتن لە نەخۆشی یاخود هەڵەبەکارهێنانی دەرمان لەلایەن بەکارهێنەرانی ژیریی دەستکرد کەم دەکاتەوە.