تەندروستیی ئێران: تاوەکو ئێستا سێ پزیشک و کارمەندی تەندروستی شەهید بوون

رووداو - تەندروستی

وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا سێ کارمەندی وەزارەتەکەیان شەهید بوون، یەکێکیان پزیشکی نیشتەجێی خولاو بووە.

تەندروستیی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، پزیشک و کارمەندانی تەندروستی لە بەرەی پێشەوەی جەنگدان و زۆر بە تووندی لە ئەرکدان تاوەکو زۆرترین بریندار چارەسەر بکەن. بەڵام لە هێرشی ئەم دواییانەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا سێ کارمەندیان لێ کوژراون و وەزارەتەکە بە ''شەهید'' ناویان دەبات.

د. حوسێن کرمانپوور، پزیشک و بەڕێوەبەری کاروباری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایدەگەیێنێت، لەسەرەتای جەنگەوە تاوەکو ئێستا چەندین ناوەندی تەندروستی و نەخۆشخانە کەوتوونەتە بەر بۆردوومانەکان و بەشێکیشیان ئەوەندە لە نزیک بۆردوومانەکان بوون کە بە تەواوی زیانیان بەرکەوتووە.
 
بەگوێرەی تەندروستیی ئێران، 11 بنکە و نەخۆشخانە، 4 ئەمبوڵانس و 115 بنکەی فریاکەوتن کەوتوونەتە بەر ئامانجی بۆردوومانەکان کە 27 کارمەندی پزیشکی بریندار بوون و سیانیشیان گیانیان لەدەستداوە.
 
ناوەندی فریاکەوتنی پارێزگای تاران هۆشداری بە خەڵک دەدات و دەڵێ، هێمنی، هۆشیاری و خۆبەدوورگرتن لە رەفتارە هەڵەشەییەکان سێ هۆکاری سەرەکین بۆ کەمکردنەوەی زیان لە دۆخی لەناکاودا.
 
ئەمەش بزانە
 
لە رۆژی شەممە 28ـی شوباتی 2026ـەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر 24 پارێزگای ئێران دەستپێکردووە و چەندین ناوەندی هەستیاریان کردووەتە ئامانج.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە چوارچێوەی ئەو هێرشانەدا چەندین بەرپرسی باڵای ئێران کوژراون، لەوانە: عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ عەلی شەمخانی، راوێژکاری سیاسیی خامنەیی و محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەمینیی سوپای پاسداران.
 
لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین شەپۆلی مووشەکی بالیستی و درۆن، بنکەکانی ئەمریکای لە وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل کردووەتە ئامانج، بەڵام هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندە جیاوازەکانی ئێران بەردەوامن.