توێژینەوەیەک: گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێ ئارەزووی خواردنی شیرینییەکان زیاد دەکەن
رووداو - تەندروستی
رەنگە هەستت بەوە کردبێت، کاتێک لە دڵەڕاوکێدایت یان گوشارت لەسەرە حەزت بە خۆراک و خواردنەوەیەکی شیرین بێت، ئەمە هۆکاری تایبەتی هەیە و دەشکرێت ببێتە هۆی مەترسی.
هۆکارەکەی ئەوەیە کە لەکاتی گوشاری دەروونیدا هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ لە جەستەدا دەردەدرێت کە ئەمە هۆڕمۆنی گوشار و دڵەڕاوکێیە، پاشان ئەم هۆڕمۆنە ئاستی شەکر لەنێو خوێن بەرز دەکاتەوە و ئاماژەش بە مێشک دەدات کە پێویستە وزەیەکی زیاتر و خێراتر بەدەستبهێنێت، پاشان مێشک گلوکۆز (شەکر) هەڵدەمژێت.
توێژینەوەیەکی گۆڤاری Physiology & Behavior کە لەلایەن زانکۆی جۆنز هۆپکینزی ئەمریکی کراوە دەریدەخات، مرۆڤ لەکاتی گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێدا مەیلی بۆ خواردنی شیرینییەکان زیاد دەکات.
شیرینییەکان هاندەری باشتر بەکارهێنانی دۆپامینن بۆ مێشک پاشانیش وا لە مێشک دەکەن هۆڕمۆنی ئیندۆرفین دەربدات کە هێورکەرەوەیە و جەستە ئاسوودە دەکات. ئەمەش بۆ بەرپەچدانەوەی بەرزیی کۆرتیزۆڵ گرنگە و مرۆڤ حەزی پێدەکات.
پسپۆڕان ئاماژە بە هەریەک لە خۆراکەکانی وەکو (پەنیر، مریشک، ماسی، هێلکە، شۆفان، پاقلەمەنییەکان، گوێز، خورما و مۆز) دەدەن کە بە رێژەیەکی زۆر سیرۆتۆنینیان تێدایە و یارمەتیدەرن لە ئاسوودەبوون و هەستکردن بە ئارامیی جەستە.
ئەوەشمان بیرنەچێت کە توێژینەوەیەکی شیکاری دەریدەخات، زۆرخواردنی شەکر لە درێژخایەندا هۆکارێکە بۆ ناجێگریی کەیف و زیادبوونی خەمگینی.
ئەم خۆراکانە تێکەڵ بکە و هەم شەکر بەدەستدەهێنیت، هەمیش ئاسوودەیی بە جەستەت دەبەخشیت
- گوێز و بادەم
- خورما و گوێز
- شوکولاتەی تاڵ لەگەڵ بسکیتی شۆفان