دەرمانسازێک: لەکاتی جەنگدا بەم شێوەیە دەرمانەکانتان بەکاربهێنن
رووداو - تەندروستی
لە کاتی جەنگ و قەیرانەکاندا، بەکارهێنانی دەرمان دەبێتە کێشە بۆ تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان، دەرمانسازێک چەند رێنوێنییەک لەوبارەیەوە دەخاتەڕوو.
ئەمڕۆ شەممە 4-4-2026 دکتۆر رابەر سامی، پزیشكی دەرمانساز لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، نەخۆش دەتوانێت بڕاندی دەرمانەکەی بگۆڕێت، بەڵام بە مەرجێک هەمان مادەی زانستی و هەمان بڕی بێت، هەروەها کەمکردنەوەی ژەمی دەرمان لەڕووی زانستییەوە رێگەپێدراو نییە، چونکە نەخۆشییەکە درێژتر دەکاتەوە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی زیاتر دەکات.
ئەو دەرمانسازە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی پەستانی خوێنیان هەیە، ئەگەر لەپڕ دەرمانەکانیان رابگرن، مەترسیی تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ و سستبوونی گورچیلەکانیان لێدەکرێت.
سەبارەت بە دەرمانە گیاییەکان، دکتۆر رابەر دەڵێت، دەتوانرێت پەنایان بۆ ببرێت بەڵام نابێت بەتەواوی پشتبەستنەکە لەسەر ئەوان بێت، بەتایبەت بۆ نەخۆشەکانی شەکرە و بەرزەپەستانی خوێن.
بۆ ئەو دەرمانانەی پێویستیان بە ساردکەرەوە هەیە، وەک دەرزی ئەنسۆلین، دکتۆر رابەر سامی روونیکردەوە، "ئەگەر کارەبا نەبوو، دەکرێت لەنێو گۆزە یان دەفری بەفرین هەڵبگیرێن، بە مەرجێک لەنێو پاکەتێکی پلاستیکی دابنرێن بۆ ئەوەی شێدار نەبن."
لەبارەی دەرمانی بەسەرچووەوە، ئەو دکتۆر رابەر سامی گوتی، "حەب و شڕوب ماوەیەکی کەم بەسەرچووبێت دەکرێت لەکاتی قەیرانەکاندا بەکاربهێنرێن، بەڵام دەرزی بەسەرچوو نابێت بەکاربهێنرێت."