توێژینەوەیەک: گریان بە دیار فیلمێکەوە سوودی زیاترە لە گریان بەهۆی خەمبارییەوە

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی نوێ لە نەمسا دەریدەخات کە مەرج نییە هەموو گریانێک بەسوود بێت و ئەوەش پەیوەستە بە هۆکاری گریانەکە.

توێژینەوەکە بەدواداچوونی بۆ 315 حاڵەتی جیاوازی گریانی کردووە و ئەو هۆکارانەی لێکداوەتەوە کە کەسێک دەگریێنن، دەرکەوتووە؛ بەشێکی بەشداربووان دوای گریانیان، هەستیان بە خراپتر بوون کردووە، نەک باشتربوون.
 
ستیڤان ستیگەر، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی کارڵ لاندستینەری نەمسا دەڵێت: ئەو فرمێسکانەی بەهۆی دڵەڕاوکێ، گوشاری دەروونیی و تەنیاییەوە بوون دەروونیی کەسەکەیان خراپتر کردووە و هەستی نەرێنییان زیاد کردووە.
 
بەڵام ئەو فرمێسکانەی بەهۆی فیلمەکانەوە یاخود چیرۆکێکی کاریگەرەوە بوون، یارمەتیدەر بوون لە باشترکردنی لایەنی دەروونی و هەستی باشبوونیان زیاد کردووە.