ڤێتێرنەریی راپەڕین: یەک کوشتارگەمان هەیە و بووەتە جێی مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی

رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی راپەڕین رایدەگەیێنێت، لە دەڤەرەکە یەک کوشتارگەی ئاژەڵان هەیە و ئەویش بووەتە جێگەی مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون و چەندانی دیکە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 4-5-2025 دکتۆر سەعدی تەیب، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی راپەڕین لە لایڤێکدا بە ئەبوبەکر ئیسماعیلی پەیامنێری گوتی، 21 رۆژە هەڵمەتی چڕی رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوونیان دەستپێکردووە.
 
دکتۆر سەعدی تەیب دەڵێت: کوشتارگەی رانیە کوشتارگەیەکەی نافەرمییە و رۆژانە 10 بۆ 15 ئاژەڵی تێدا سەردەبڕدرێت. تەنانەت دەشڵێت: بەشێکی ئاژەڵەکان لابەلا لە کۆڵانەکان سەردەبڕدرێن و ئەمەش هەر مەترسییە بۆ تەندروستیی مرۆڤ.
 
کوشتارگەی راپەڕین دەکەوێت نێوجەرگەی بازاڕی رانیە، ئەمە جگە لەوەی بەپێی رێنوێنییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، دەبێت کوشتارگە {سەربڕخانە} نزیکەی سێ کیلۆمەتر لە ئاوەدانییەوە دوور بێت.