تەندروستیی ئێران: دەرمانێکی زۆری نایاسایی لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە رێکلامیان بۆ دەکرێت

رووداو - تەندروستی

جێگری وەزیری تەندروستی بۆ کاروباری چارەسەر و دەرمان لە ئێران هۆشداری تووندی داوە لەبارەی رێکلامی ئەو بەرهەمانەی زۆر زەق دەکرێنەوە کە چارەسەری چەندین نەخۆشی دەکەن و دەڵێ، پێویستە رێکاری یاسایی بەرامبەر رێکلامی بەرهەمە بێمۆڵەتەکان بگیرێتەبەر.
 
د. سەید سەجاد رەزەوی، جێگری وەزیری تەندروستی بۆ کاروباری چارەسەر و دەرمان هۆشداری دەداتە رێکخراوی خۆراک و دەرمان لە ئێران کە رێکاری یاسایی تووند بگرنەبەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێکلامەکانی سۆشیاڵ میدیا کە بۆ دەرمان و بەرهەمە پزیشکییەکان دەکرێت.
 
ئەو دەڵێت، هەندێک دەرمان بەجۆرێک رێکلامیان بۆ دەکرێت کە چارەسەری چەندین نەخۆشی بکەن و بە (دەرمانی سووپەر) ناسراون، لەکاتێکدا زۆرینەیان بێمۆڵەتن.
 
بەپێی دەزگای خۆراک و دەرمانی ئێران، رێکلام بۆ هەر بەرهەمێکی پزیشکیی بێمۆڵەت سەرپێچی لەسەرە و هەڕەشەیە بۆ تەندروستیی خەڵک.