تەگریتۆڵ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نەماوە؛ تەندروستی: کۆمپانیاکە لە عێراق کشاوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
نەمان و کەمیی دەرمانی (تەگریتۆڵ) کە بۆ نەخۆشیی پەرکەم و کۆئەندامی دەمار بەکاردێت، کێشەی بۆ سەدان نەخۆش لە هەرێمی کوردستان دروست کردووە.
بەرپرسانی تەندروستییش رایدەگەیێنن، کۆمپانیا سەرەکییەکە لە عێراق کشاوەتەوە و دەرمانە جێگرەوەکانی دیکەش بەهۆی کێشەی تۆمارکردن و کوالێتی کۆنتڕۆڵ، کەمبوونەتەوە.
ژمارەیەک لە هاونیشتمانیان لە رێگەی رادیۆی رووداوەوە باسی گرفتی نەمانی جۆرێک لە دەرمانی پەرکەم دەکەن و دەڵێن، "ئەو دەرمانە ئەڵمانییەی پێشتر لە بازاڕدا هەبوو ئێستا دەستناکەوێت، ئەو جۆرە ناوخۆیی و جێگرەوانەشی کە هەن، کوالێتییان وەک پێویست نییە و دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستیاری و سەرئێشەی تووند بۆ منداڵەکانیان."
هاونیشتمانییەک کە منداڵەکەی تووشبووی پەرکەمە، دەڵێت، "ناچارم لە ئەڵمانیاوە بە تایبەت دەرمانەکە داوا بکەم، لەوێ 200 دانە حەب بە نزیکەی 37 یۆرۆیە، بەڵام لێرە 50 دانەی بە 25 هەزار دینارە و کوالێتیشی باش نییە."
بۆچی تەگریتۆڵ لە بازاڕدا نەماوە؟
دکتۆر گۆڤەند رەوەند، بەرپرسی چاودێریی بازاڕ و بازگەکانی دەرمان لە هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو هۆکاری کێشەکەی روونکردەوە و گوتی، "دەرمانی تەگریتۆڵی ئەسڵی هی کۆمپانیای نۆڤارتیسە، ئەو کۆمپانیایە بە تەواوی لە عێراق کشاوەتەوە و نەماوە."
سەبارەت بە جۆرەکانی دیکەی دەرمانی (کاربامازەپین) کە لە بازاڕدا هەن، دکتۆر گۆڤەند ئاماژەی بەوە کرد، هەندێک کۆمپانیا وەک (ئاریستۆ) بەرهەمەکانیان تۆمار نەکردووە.
بەپێی رێنماییە نوێیەکانیش هەر دەرمانێک تۆمار نەکرابێت و ستیکەری کوالێتی کۆنتڕۆڵی نەبێت، رێگەی پێنادرێت بێتە ناو بازاڕەوە.
بەرپرسی چاودێریی بازاڕی دەرمان باسی لەوەش کرد، پڕۆسەی هێنانە ناوەوەی ئەم جۆرە دەرمانانە کاتێکی زۆری دەوێت، چونکە ئەم دەرمانە بۆ مەبەستی دیکەش بەکاردێت و پێویستی بە کۆنتڕۆڵی ورد هەیە.
ئەم دۆخە لە کاتێکدایە کە نەخۆشانی پەرکەم ناتوانن بە ئاسانی جۆری دەرمانەکانیان بگۆڕن، چونکە جەستەیان لەسەر جۆرێکی دیاریکراو راهاتووە و گۆڕینی دەرمانەکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستییان دروست دەکات.
کەسوکاری ئەو نەخۆشانەی پەیوەندییان بە رووداوەوە کردووە، داوا دەکەن وەزارەتی تەندروستی کارئاسانی بۆ هێنانە ناوەوەی جۆرە باشەکانی ئەم دەرمانە بکات تاوەکو نەخۆشەکان ناچار نەبن پەنا بۆ دەرمانی قاچاخ یان بێ کوالێتی ببەن.