بە تەمەن 48 ساڵە، بە رووخسار وەکو 80 ساڵێکە؛ مانەوەی خانمێک دەبێتە جێی سەرنج

رووداو - تەندروستی

خانمێکی تووشبووی پیربوونی پێشوەختە دەبێتە جێی سەرنجی پزیشکانی جیهان؛ لە بری ئەوەی بە منداڵی گیان لەدەستبدات، زیاتر لە 40 ساڵە ماوەتەوە.
 
تیفانی وێدیکیند، خانمێکی 48 ساڵە، بەڵام جەستەی وەکو خانمێکی 80 ساڵ وایە، ئەو لە ئۆهایۆی ئەمریکا دەژی و یەکێکە لە بەتەمەنترین تووشبووە زیندووەکان کە پیربوونی پێشوەختەیان هەیە.
 
ئەو کێشی 26 کیلۆگرامە و باڵای 132 سانتیمەترە، نەخۆشییەکی بۆماوەیی دەگمەنی هەیە کە پیربوونی پێشوەختەیە، ناسراوە بە Progeria و منداڵ لەنێوان تەمەنی 7 بۆ 13 ساڵیدا دەژی و دواتر بە ئەگەرێکی زۆرەوە گیان لەدەستدەدات، بەڵام تیفانی ئێستا هەرچەندە نیشانەی نەخۆشییەکانی هەیە، بەڵام ژیانێکی ئاسایی دەژی.
 
تیفانی بووەتە جێگەی سەرنجی پزیشکان و خەڵکیش هەر بۆیە لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا گوتی، لە تەمەنی 12 ساڵییەوە گۆڕانکارییە جەستەییەکان دەرکەوتوون و هەمیشە جەستەی لەڕووی دەرەوە و ناوەوە وەکو خانمێکی بەساڵاچوو بووە. ئەوانەی ئەو نەخۆشییەشیان هەیە، لە تەمەن زووەکانیاندا دەمردن، بەڵام تیفانی سەرەڕای نیشانەکانی، خەریکی ژیانی خۆیەتی.
 
ئەو دەڵێت: هەر لە منداڵییەوە دەمزانی جیاوازم، بەڵام زۆر گوێم پێنەدەدا. نەخۆشییەکە لەنێو ماڵباتی تیفانیدا هەیە و دایکی و براکەشی تووشبووی هەمان نەخۆشی بوون. چادی برای لە 39 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
 
ئێستا ئەو خانمە خاوەنکاری خۆیەتی و خشڵ و مۆم دروستدەکات، لە سۆشیاڵ میدیاکانیشیدا هانی تووشبووانی وەکو خۆی و خەڵکیش دەدات کە هەمیشە بە گەشبینووە بڕواننە ژیانیان. رۆژانەش خەریکە بە یۆگا و سیستمی خۆراکیی تەندروست.
 
نەخۆشیی پیربوونی پێشوەختە Progeria چییە؟
 
ئەم نەخۆشییە بۆماوەییە و لەئەنجامی تێکچوون لە جینی کۆرپەلە روودەدات، زۆر دەگمەنە، بەجۆرێک لە 8 ملیۆن بۆ 20 ملیۆن کەس، یەکێکیان تووشی ئەم نەخۆشییە دەبێت و کوژەرە، بە گشتی لە 7 تاوەکو 14 ساڵی کەسی تووشبوو دەتوانێت بژی، بە لانیزۆرەوە تاوەکو 20 ساڵ دەتوانن بژین.
 
ئەو جینەی گۆڕانکارییە بۆماوەییەکەی بەسەردادێت بریتییە لە جینی LMNA. کاتێک ئەو گۆڕانکارییەی بەسەردا دێت، پڕۆتینێک دروستدەکات بەناوی پڕۆجێرین، ئەم پڕۆتینە گۆڕاوەش بە خانەکانی جەستەوە دەنووسێت و کار لە گەشە و فەرمانەکانیان دەکات، هەر بۆیە گەشەیان دەوەستێنێت و نیشانەکانی پیربوون خێراتر دەبن.
 
نیشانەکان
 
- وەستانی گەشە
- کەمیی کێش
- سەختی لە زیادبوونی کێش
- هەڵوەرینی قژ
- تەنکبوونی پێست و پرچ
- چرچولۆچبوونی پێست بە تەمەنی منداڵی و گەنجی
 
دەستنیشانکردن؛ لەڕێگەی پشکنینی بۆماوەیی دەکرێت.
 
چارەسەر و دەرمان؛ دەشێت تەنیا بۆ باشترکردنی نیشانەکان بن و دەرمانی لۆنافارنیب بەکاربێت بۆ ئەوەی تەمەنی کەسەکە درێژتر بکاتەوە، بەڵام کاریگەریی کەمە. هەروەها پشت ببەسترێت بە بەکارهێنانی دەرمانی ئەسپرین بۆ رێگریکردن لە جەڵتەی مێشک، چارەسەری سرووشتیش بۆ کەسەکە بکرێت و هەمیشەش پشکنینی دڵی بۆ بکرێت.