موژدەیەک لە رووسیاوە بۆ جیهان؛ ڤاکسینی شێرپەنجەمان تاقیکردەوە و سەرکەوتوو بوو

رووداو - تەندروستی

لە رووسیا کاریگەریی ڤاکسینێکی دژەشێرپەنجە دەنگدانەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت و دوای مانگێک لە پێدانی بە نەخۆشێک، ئەنجامەکانی ئاشکرا کران؛ ''بەرگریی جەستەی هانداوە دژی شێرپەنجە و دەکرێت وەکو پێشگیریکردن بەکاربێت''.
 
ئەلێکساندەر گینزبورگ، بەڕێوەبەری سەنتەری گەمالیا و ئەکادیمیای زانستەکان لە رووسیا رایدەگەیێنێت، ڤاکسینەکە ناوی Neoonkovakـە و هانی خانە ئاگادارکەرەوەکانی داوە بۆ ئەوەی بەرگریی جەستە دژی خانە شێرپەنجەییەکان بەهێز بکەن و زوو کۆنتڕۆڵی بکەن.
 
بەپێی ئەکادیمیای زانستەکان لە رووسیا، لە سەرەتای مانگی رابردوودا ڤاکسینی Neoonkovak دراوە بە کەسێکی 60 ساڵ کە شێرپەنجەی پێستی هەبووە، ڤاکسینەکە بەشێوەی تاکەکەسی بۆ نەخۆشەکە دروستکراوە و توانیویەتی، سیستمی بەرگریی زیاتر چالاک بکات بۆ ئەوەی بەرهەڵستیی زیاتری خانە شێرپەنجەییەکان بکات.
 
چاوەڕێدەکرێت ڤاکسینی شێرپەنجە بخرێتە نێو خشتەی کوتانە خۆڕاییەکانی وڵات و یەکەم وڵاتیش رووسیا بێت کە بەکاریبهێنێت.
 
لەلایەکی دیکەشەوە، ئاندرێ کاپرین، بەڕێوەبەری گشتیی سەنتەری توێژینەوەی پزیشکیی تیشک لە وەزارەتی تەندروستیی رووسیا گوتبووی، ڤاکسینی mRNA کە دژی شێرپەنجەیە لە ساڵی 2025 و 2026 بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەکەوێتە بازاڕەوە و بە تەواوت سەلامەت دەبێت.
 
تەندروستیی رووسیا ڤاکسینەکە دەخاتە نێو خشتەی کوتانەوە
 
بە فەرمی تەندروستیی رووسیا رایدەگەیێنێت، ڤاکسینی Neoonkovak دەخەنە نێو خشتەی کوتانەوە و بە شێوەی دەرزی بەردەستە و بۆ ساڵی 2026 تاوەکو 2028 بەکاریدەهێنن.