دەزگەی روانگە یەکەمین سەنتەری ئۆتیزمی لە قەڵادزێ کردەوە
رووداو - تەندروستی
دەزگەی روانگە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، بۆ یەکەمجار سەنتەرێکی تایبەت بە ئۆتیزمی لە شارۆچکەی قەڵادزێی سەر بە ئیدارەی راپەڕین کردەوە.
شەماڵ عەباس بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی راپەڕین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بوون و کردنەوەی ئەم سەنتەرە کارئاسانییەکی زۆر بۆ ئەو خێزانانە دەکات کە منداڵی ئۆتیزمیان هەیە، چونکە پێشتر ناچاربوون بۆ وەرگرتنی چارەسەر و راهێنان سەردانی سەنتەری پارێزگەکان بکەن."
بە گوتەی شەماڵ عەباس لە سنووری ئیدارەی راپەڕین نزیکەی 87 منداڵی ئۆتیزم هەن، کە 18 منداڵیان لە قەڵادزێن، هەندێک خێزان لە قەڵادزێ زیاتر لە منداڵێکی ئۆتیزمیان هەیە.
سەبارەت بە میکانیزمی کارکردنی سەنتەرەکە، بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی راپەڕین گوتی، "بۆ ماوەی یەک ساڵ دوو راهێنەر لەلایەن دەزگەی روانگەوە دامەزراون و سەرپەرشتیی منداڵەکان دەکەن، لە قۆناخی یەکەمدا لەنێوان 10 بۆ 12 منداڵ وەردەگرین و وەرگرتنیشیان بەگوێرەی رێژەی ئۆتیزمەکەیان دەبێت."