تەندروستیی سۆران: پێوەدانی مار لە دەڤەرەکە زیاد بووە
رووداو - تەندروستی
تەندروستیی سۆران رایدەگەیێنێت، پێوەدانی مار زیادی کردووە، پزیشکێکی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران دەڵێت: زۆرینەی پێوەدانەکان لە قاچ بوون.
بەپێی تەندروستیی سۆران، لەماوەی مانگی رابردوودا لە فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئاشتی، زیاتر لە 20 حاڵەتی پێوەدانی مار تۆمار کراون. ئەمڕۆ چوارشەممە 4-6-2025 پزیشکێکی خولاو لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە بە رووداوی راگەیاند، ئەوانەی دۆخیان ئاڵۆز بووە لەکاتی پێوەدانەکە تووشی دڵەڕاوکێ بوون، شڵەژاون و جووڵەی زۆریان کردووە، بۆیە ژەهر بە خێرایی لەنێو جەستەیان بڵاو بووەتەوە.
ئەو پزیشکە رێنوێنیی هاونیشتمانییان دەکات، لەکاتی پێوەداندا هێمن بن و شوێنی گەستنی مارەکە ببەسترێت و کەسی پێوەدراویش بە خێرایی بگەیێندرێتە فریاکەوتن.
بە گوێرەی مایۆکلینیک، لەکاتی پێوەدانی مار ئەم هەنگاوانە جێبەجێ بکرێن
- پەیوەندی بە ژمارەی فریاگوزاری بکە
- لە شوێنی پێوەدانی مار دوور بکەوە
- هەر جۆرێکی خشڵ، کاتژمێر یاخود جلی تەسک دابکەنە پێش ئەوەی ئاوسان دەستپێبکات
- شوێنی گازگرتنەکە بە ئاو و سابوون پاک بکەوە
- بە پەڕۆیەکی پاک و وشک شوێنی گازگرتنەکە بە شێوەیەکی شل بپێچەوە