پسپۆڕێک: باشترە ئاو بە سادەیی نەخورێتەوە، بەڵکو لیمۆ یان خەیاری تێبکرێت
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی کلینیکیی خۆراکی رایدەگەیێنێت، باشترە ئاو بە سادەیی نەخورێتەوە، بەڵکو لیمۆ یان خەیاری تێبکرێت، هۆکارەکەش روون دەکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 4-6-2025 د. محەممەد جەباری، پسپۆڕ و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە کلینیکیی خۆراکی بە رووداوی راگەیاند، چا و قاوەی زۆر و خواردنەوە گازییەکان لەکاتی گەرمادا نەخورێنەوە، چونکە کەسەکە زیاتر جەستەی پێیان وشک دەبێتەوە.
د. محەممەد جەباری لەبارەی خواردنەوەی ئاو بە لیمۆ و خەیارەوە دەڵێت: ''لەکاتی گەرمادا جەستە کانزا و مادە خۆراکییەکان لەدەست دەدات، ئەو خەیار و لیمۆیە کانزایان تێدایە و قەرەبووی دەکەنەوە''. تەنانەت ماستاو بە باشترین خواردنەوە دادەنێت بۆ کاتی گەرما.
ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەم خۆراکانە دا و دەڵێت: ئارەقکردنەوە زیاد دەکەن وەکو؛
- خۆراکە تیژەکان وەکو بیبەری تیژ
- ترشیات
- خۆراکە چەور و قورسەکان
بەڵکو دەشڵێت: ''سەوزە و زەڵاتەی زۆر بخورێن''.