توێژینەوەیەک: زۆرترین بەکارهێنەرانی ڤەیپ تەمەنیان 18 بۆ 26 ساڵە
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، زۆرترین بەکارهێنەرانی جگەرەی ئەلیکترۆنی ''ڤەیپ'' لەنێوان تەمەنی 18 بۆ 26 ساڵە.
توێژینەوەکە لە زانکۆی ئۆهایۆ لە ئەمریکا کرا و دەرکەوت، 14٪ـی گەنجانی پێگەیشتوو لەو وڵاتە ڤەیپ بەکاردەهێنن، د. لیز کلین، پڕۆفیسۆر و سەرۆکی بەشی رەوشتە تەندروستییەکان لە زانکۆکە دەڵێت: دەتواندرێت بە هۆشیارکردنەوە و رێنوێنیدان بە گەنجان نیوە زیاتری بەکارهێنەرانی ڤەیپ کەم بکرێتەوە.
ئێستا ئەو پڕۆفیسۆرە بە هاوکاریی تیمێکی پزیشکی هێڵی گەرمیان هەیە بۆ هاندانی گەنجان لە وازهێنان لە ڤەیپ و بە رێگەیەکی کاریگەری دادەنێن.
بەگوێرەی سەرچاوە پزیشکی و تەندروستییە جیهانییەکان دەکرێت ڤەیپ ئەم کاریگەرییانەی هەبێت؛
- زیادبوونی خوێنبەربوونی پووک و زەردبوونی ددانەکان
- هێلکەدانەکان و شێوەی سپێرم تێکدەدات و هۆکارێکە بۆ نەزۆکی
- کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی
- تێکچوونی سووڕی مانگانە و ئاستی هۆرمۆنەکان
- لەبیرچوونەوە لەنێو گەنجاندا زیاددەکات
- بەرزەپەستانی خوێن و گرژبوونی ماسوولکەکان
- شێرپەنجە
- کەمبوونەوەی درەوشانەوەی پێست و زیادبوونی چرچولۆچی؛ خوێن کەمتر دەڕوات بەرەو پێست
- هەڵوەرینی قژ؛ لوولە وردەکانی خوێن لە سەر و سەلکی مووەکان تەسک دەبنەوە