خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی: پێدانی شیری دایک بە منداڵ بەرپرسیارێتییە

رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی جەختی لە بایەخی شیپرێدانی سرووشتیی دایکان بە کۆرپەکانیان کردەوە و گوتی، ''دایکان لە بنکە تەندروستییەکاندا بۆ شیردانی سرووشتی هاندەدرێن و کارمەندانمان بۆ ئەو مەبەستە راهێناون''.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 4-8-2025 د. رزگار عەلی، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، هەڵبژاردنی شیری دایک بە منداڵ لێپرسراوێتییە و پێویستە دایک بەو پەڕی تواناوە هەوڵبدات کە شیری خۆی بە کۆرپەکەی بدات.
 
''وشکەساڵی هۆکاری بڵاوبوونەوەی کۆلێرایە''
 
لەبارەی سەرچاوەی ئاوی سلێمانی گوتی، یەکێک لە کاریگەرییەکانی وشکەساڵی، بڵاوبوونەوەی سکچوون و رشانەوەیە بەهۆی نەخۆشیی کۆلێراوە. تەنانەت گوتیشی، هەندێک شوێن لە سلێمانی شەمعە نین، بەڵکو ئاوی پیسن و گۆمی ئاوی وەستاون لە هەندێک شوێنی (چەقش، قلیاسان، چەقچەق و تانجەڕۆ).
 
ئەم خاڵانەشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆلێرا باس کرد؛
 
- تەنیا ئەو ئاوانە بکڕدرێن کە تانکەرەکە سپییە و ناو و ژمارەی بریکار و شۆفێرەکەی لەسەرە.
- تانکەری ئاوی خواردنەوە دەبێت سپی بێت و نابێت رەنگی دیکە بێت.
- ئاو لەو تانکەرانە بکڕن کە لە سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە ئاو دەهێنێت.
 
''لە سلێمانی 12 تووشبووی ئەیدز هەن''
 
لەبارەی ئەیدزەوە دەڵێت: زۆرینەی ئەو تووشبووانەی ئەیدز کە تۆمارکراون، ئەوانەن کە لە دەرەوەی وڵات سێکسیان کردووە. ئاماژەش بە وڵاتەکانی ئێران و سووریا دەدات. تەنانەت گوتیشی، لە سنووری سلێمانی 12 تووشبووی ئەیدز هەن.
 
''شیری دایک، ڤاکسینێک لە بەهەشتەوە''
 
سوودەکانی شیری دایک بە هەفتەیەک تەواو نابن، بەڵام لە دێسکی تەندروستیی رووداو هەوڵدەدەین نوێترین زانیارییەکان لەسەر شیری دایک رابگەیێنین و هەفتەیەک رووماڵمان بۆ ئەو بابەتە داناوە بە ناوی ''شیری دایک، ڤاکسینێک لە بەهەشتەوە''.