پەرستارێک لەنێو ستۆدیۆ رێگەی دروستی شیردانی سرووشتی روون دەکاتەوە

رووداو - تەندروستی

پەرستارێک رایدەگەیێنێت، هەندێکجار خانمان لەکاتی مژینی سینگیان، ئازاری سینگیان تووشدەبێت، ئەمەش پێویستە دایکان پێش شیردان مەساجی مەمکیان بکەن، پاشانیش جەوەنە و خاولییەکی گەرم بخەنە سەر سینگیان.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 4-8-2025 ئەڵوەن رەفیق، پەرستارە و لە بووڵتەنی تەندروستیدا و لەنێو ستۆدیۆدا چۆنیەتیی شیردانی سرووشتی روون دەکاتەوە و دەڵێت: خانمان هەر لە سەرەتای دووگیانییەوە هۆرمۆنەکانی ئامادەی دەکەن بۆ ئەوەی مەمکی شیر بەرهەم بهێنن و قەبارەیان گەورە دەبێت بەتایبەت ئەوانەی کە شیریان زۆرە.
 
بەگوتەی ئەڵوەن رەفیق، ئەمانە نیشانەی منداڵی تێرشیرن؛
 
- خەوی زۆرە و زوو زوو خەبەری نابێتەوە.
- پێویستە منداڵ لە رۆژێکدا 6 بۆ 8 جار میز بکات.
 
ئەڵوەن رەفیق گوتی، ''شیردانی سرووشتی 10 جار بۆ منداڵانی ناکام بەسوودترە بەراورد بەو منداڵانەی بە سرووشتی لەدایکدەبن''.
 
لە کۆتاییدا جەختی لە پاکوخاوێنیی گۆی مەمک و سینگی دایکەکە کردەوە کە هەمیشە پێش و دوای شیردان بە منداڵ شوێنەکە پاک بکاتەوە.
 
''شیری دایک، ڤاکسینێک لە بەهەشتەوە''
 
سوودەکانی شیری دایک بە هەفتەیەک تەواو نابن، کە هەموو ساڵێک لە 1-8 تاوەکو 7-8 بە هەفتەی جیهانیی شیرپێدانی سرووشتی دادەنرێت، بەڵام لە دێسکی تەندروستیی رووداو هەوڵدەدەین نوێترین زانیارییەکان لەسەر شیری دایک رابگەیێنین و هەفتەیەک رووماڵمان بۆ ئەو بابەتە داناوە بە ناوی ''شیری دایک، ڤاکسینێک لە بەهەشتەوە''.