ناوەندێکی ئوسترالی: کێشانی ڤەیپ دەبێتەهۆی خەمۆکی

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەی ناوەندێکی ئوسترالی لەبارەی ڤەیپەوە ئاشكرای دەکات، دەبێتەهۆی ناڕێکیی دەروونی و دڵەڕاوکێ بەتایبەت لەنێو گەنج و نەوجەوانان.
 
توێژینەوەکە لەسەر زیاتر لە پێنج هەزار نەوجەوان و گەنج لە سەنتەری ماتێڵدای ئوسترالی بۆ توێژینەوە و دەرووندروستی کرا و دەرکەوت، 20٪ـی ئەوانەی رۆژانە ڤەیپیان دەکێشا، خەمۆکی مامناوەندییان لێدەرکەوتووە و ئەوانەشی دووربوون لە ڤەیپ هیچ گۆڕانێکی دەروونیان نەبووە.
 
سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: 64٪ـی ڤەیپکێشان لەنێو ئەوانەبوون کە دووچاری گوشاری دەروونیی تووندبوون.
 
ئیمیلی ستۆکینگس، نووسەری سەرەکیی توێژینەوەکە دەڵێت: ''ناڕێکیی دەروونی کاریگەرییەکی درێژخایەنی نیکۆتینە کە زۆرجار بە خەمۆکیی بەردەوام و گۆشەگیری کۆتایی دێت''.
 
هەر لەم بارەیەوە توێژینەوەیەک لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، ڤەیپکێشان ئەگەر تەنیا بۆ یەک جاریش بێت، مەترسیی سستبوونی دڵ زیاددەکات. 
 
توێژینەوەکە لەلایەن ناوەندی مێدستار هێڵس ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی کە ڤەیپ دەکێشن، تەنانەت ئەوانەشی تەنیا بۆ یەک جار کێشاویانە، 19٪ مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن زیاترە لەوانەی هەرگیز ڤەیپیان نەکێشاوە.