بەرنامەی دکتۆر ئاراس؛ مریشکی سوور نەخورێت و مریشکی 1.8بۆ 2.5 کیلۆگرامی بکڕدرێت
رووداو - تەندروستی
لەنێو بەرنامەی ئەم هەفتەیەی دکتۆر ئاراس د. شیلان ئارام، پسپۆڕی بەڕێوەبردن و بەخێوکردنی پەلەوەر و دکتۆر دیلان وشیار، پزیشکی ڤێتێرنەری، میوانی بەرنامەکەن و بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ بە پەیوەندیی تەلەفۆنی بەشداربوو و چەند نهێنییەکی لەبارەی مریشکە بەستووەکانەوە ئاشکرا کرد. ''مۆڵەتی هاوردەکردنی یەک مریشکی بەستوومان نەداوە''.
د. شیلان ئارام، پسپۆڕی بەڕێوەبردن و بەخێوکردنی پەلەوەر رایگەیاند، کێشی مریشک لەنێوان 1.8 -2.5 کیلۆگرام بێت و مریشک لە شوێنێکی ئارام و تەندروست سەرببڕدرێت. لەبارەی مریشکی سوورەوە گوتی ''مریشکی سوور بەهای خۆراکی باشی تێدا نییە و بۆ خواردن نەشیاوە، چونکە ئەوە تەنیا هی هێلکەکردنە''.
د. شیلان ئارام ئاماژە بەوەش دەکات، مریشکی بەستووی هاوردەکراو بەکارنەهێندرێت و مریشکی دەواجین بۆ خواردن سەلامەت و تەندروستە، هەروەها دەبێت کێشی مریشک لەنێوان 1.8 -2.5 کیلۆگرام بێت.
هۆکاری ئەوەی کە دەڵێت ''مریشکی بەستوو مەخۆن'' ئەوەیە کە؛
- نازانین مریشکی بەستووی هاوردەکراو بە حەڵاڵی سەربڕاوە یان نا.
- رێژەی بەفر لە مریشکی بەستووی هاوردەکراو زیاترە.
- نازانین مریشکی بەستووی هاوردەکراو چی خواردووە.
- نازانین مریشکی بەستووی هاوردەکراو چەند جار خاو بووەتەوە.
- نازانین مریشکی بەستووی هاوردەکراو چۆن سەربڕدراوە.
- رێژەی پێکهاتە خۆراکییەکان لە مریشکی بەستووی خۆماڵی زیاترە.
- رێژەی گۆشت لە مریشکی بەستووی خۆماڵی زیاترە
دکتۆر دیلان وشیار، پزیشکی ڤێتێرنەری دەڵێت: سەربڕینی مریشک لە کۆڵانەکان رێگەپێدراو نییە، چونکە هۆکارێکی هەوکردنە. ئەوەش دووپاتدەکاتەوە کە مریشکی خۆماڵی بۆ خواردن تەندروستترینە و بەهیچ شێوەیەک، دەرزی هۆڕمۆن لە مریشک نادرێت.
هەر لەنێو بەرنامەکە دکتۆر ئاراس برادۆستی، پێشکێشکار تەلەفۆن بۆ بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەکات و پرسیاری ئەوەی لێدەکات کە ئایا مریشکە بەستووەکان مۆڵەتیان هەیە؟ ئەویش دەڵێت: نەخێر هیچ مریشکێکی هاوردەکراوی بەستوو مۆڵەتی وەزارەتی کشتوکاڵی نییە و تەنانەت بۆ قەدەخەی هاوردەی مریشکی بەستوو، بەشێکی لایەنەکان هاوکار نین.
بێگەرد تاڵەبانی دەڵێت: تێبینیمان لەسەر کواڵیتیی مریشکی بەستووی هاوردەکراو هەیە و رێژەی بەرهەمهێنانی مریشک لە کوردستان لە خواستی بازاڕ زیاترە، کواڵیتیی مریشکی بەستووی خۆماڵی لە هاوردەکراو بەرزترە.