WHO: ئەم ساڵ لە غەززە 400 کەس بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەستداوە
رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، ئەم ساڵ لە کەرتی غەززە 400 کەس بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیەش 101ـیان منداڵ بوون کە 80٪ـیان لەخوار 5 ساڵانن.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO ئاشكرای دەکات، چوار ناوەندی چارەسەریی خۆراکی بۆ بەدخۆراکەکان هەن و پسپۆڕێک هۆشداری دەدات لەوەی کە خانمێکی زۆری دووگیان بەدخۆراکن.
شاهیر قەڕاع، خانمێکی بەدخۆراکە لە غەززە و دەڵێت: لەماوەی دووگیانی و دوای منداڵبوونیشم دۆخەکەم زۆر خراپ بوو، چونکە بەدخۆراک بووم، کێشم لە 70 کیلۆوە بووەتە 46 بۆ 47 کیلۆگرام. منداڵبوونیشم زۆر سەخت بوو و هەر بەهۆی بەدخۆراکییەکەمەوە منداڵەکەشم لاواز بوو.
د. رەبا ئەبو زاتیر، سەرۆکی بەشی خۆراکزانی لە نەخۆشخانەی ئەلعەودە گوتی، ئێستا رێژەی بەدخۆراکی تەنیا لە منداڵانی خوار 5 ساڵان نییە، بەڵکو بەشێکی زۆری گەورانیشی گرتووەتەوە.
ئەو پسپۆڕە گوتیشی، ئەگەر خانمانی دووگیان بەدخۆراک ببن، ئەوا کۆرپەیەکی بەدخۆراکیش دەخەنەوە، تەنانەت زیاتریش تووشی نەشتەرگەریی منداڵبوون دەبن، چونکە دایکان توانایان نابێت کە بە سرووشتی منداڵیان ببێت.