لە ماڵدیڤ جگەرەکێشان لە گەنجانی لەدایکبووی 2007 و دواتر قەدەخە کرا

رووداو - تەندروستی

ماڵدیڤ، کڕین و فرۆشتن و بەکارهێنانی تووتنی لەو کەسانە قەدەخە کرد کە لە 1ـ1-2007 و دواتر لەدایکبوون و بەوەش بووە تاکە وڵات لە جیهاندا کە بەشێوەیەکی نیشتمانی جگەرەکێشان لە نەوەیەکی دیاریکراو قەدەخە بکات.
 
وەزارەتی تەندروستیی ماڵدیڤ رایگەیاند، بەپێی یاسا نوێیەکە، بەکارهێنان، کڕین و فرۆشتنی تووتن لەلایەن نەوەی نوێی وڵاتەکەوە نایاسایی دەبێت، ئەمەش لەپێناو پاراستنی گەنجانە لە زیانەکانی تووتن"
 
ئەحمەد ئەفعال، جێگری سەرۆکی دەستەی کۆنترۆڵکردنی تووتنی ماڵدیڤ گوتی، قەدەخەکردنی ڤەیپ لە ساڵی رابردوودا لە وڵاتەکەی "هەنگاوێکی باش بوو بەرەو دروستکردنی نەوەیەکی دوور لە تووتن."
 
بە گوتەی وەزارەتی تەندروستی، قەدەخە نوێیەکە "هەموو جۆرەکانی تووتن دەگرێتەوە و پێویستە فرۆشیاران پێش فرۆشتن تەمەنی کڕیار پشتڕاست بکەنەوە." هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم بڕیارە لەگەڵ پابەندبوونەکانی ماڵدیڤ بە رێککەوتننامەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ کۆنترۆڵکردنی تووتن دێت .
 
ساڵی رابردوو، ماڵدیڤ هاوردەکردن، فرۆشتن، هەڵگرتن، بەکارهێنان و دابەشکردنی جگەرەی ئەلیکترۆنی و بەرهەمەکانی ڤەیپی بەبێ گوێدانە تەمەن کردە کارێکی نایاسایی.
 
گەشتیارانیش کە سەردانی دوورگەکانی ماڵدیڤ دەکەن، دەبێت پابەندی یاساکە بن، ئەفعال دەڵێت، قەدەخەکردنی جگەرەکێشان کاریگەریی نەرێنی لەسەر گەشتیاری نابێت و روونیکردەوە: "خەڵک نایەن بۆ ماڵدیڤ چونکە دەتوانن جگەرە بکێشن. ئەوان بۆ کەنار دەریاکان، بۆ دەریا، بۆ خۆر و بۆ هەوای پاک دێن."