زانکۆیەکی ئەمریکی لە رێگەی ئامێرێکی بچووکەوە زانیارییەکانی مێشک دەگوازێتەوە
رووداو - تەندروستی
زانکۆی کۆرنێل لە ئەمریکا ئامێرێکی بچووکی چاندنی دەمارەخانەیان دروستکردووە کە هێندەی دەنکە خوێیەکە، بەڵام دەتوانێت بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک بە شێوەی بێتەل زانیاریی و چالاکییەکانی مێشک بگوازێتەوە.
ئەم ئامێرە کە ناوی (MOTE)ە، لەلایەن ئەلیۆشا مۆلنار، پرۆفیسۆر لە کۆلێژی ئەندازیاریی کارەبا و کۆمپیوتەر، و سون وو لی، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی تەکنەلۆژیی نانیانگ، سەرپەرشتی کراوە، ئامێرەکە بە تیشکی لەیزەری سوور و ژێر سوور کاردەکات کە بەبێ زیان بە شانەکانی مێشکدا تێدەپەڕن و زانیارییەکان بە بەکارهێنانی تیشکی ژێر سوور دەنێرێتەوە.
ئەلیۆشا مۆلنار، دەڵێت: "تا ئەو جێگەیەی ئێمە بزانین، ئەمە بچووکترین ئامێری چاندنی دەمارییە کە چالاکیی کارەبایی لە مێشکدا دەپێوێت و دواتر بە شێوەی بێتەل راپۆرتی دەکات."
درێژیی ئامێرەکە نزیکەی 300 مایکرۆنە و پانییەکەی 70 مایکرۆنە. توێژەران سەرەتا ئامێرەکەیان لەسەر خانە تاقیگەییەکان تاقیکردەوە و دواتر لە توێکڵی مێشکی مشکدا چاندیان، بۆ ماوەی ساڵێک، ئامێرەکە بە سەرکەوتوویی چالاکییە کارەباییەکانی دەمارەخانەکانی تۆمارکرد، لە کاتێکدا مشکەکان بە تەندروستی و چالاکی مانەوە.
مۆلنار، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئامانج لەم کارە ئەوە بووە کە ئامێرەکە هێندە بچووک بێت کەمترین زیان بە مێشک بگەیەنێت، چونکە ئامێرە تەقلیدییەکان دەتوانن ببنە هۆی هەوکردن و وروژاندنی سیستەمی بەرگری. هەروەها وتیشی، پێکهاتەی ئامێرەکە رەنگە رێگە بدات لە کاتی سکانی MRI دا بۆ تۆمارکردنی کارەبایی مێشک بەکاربهێنرێت، کە لەگەڵ ئامێرە ئێستاییەکاندا ئەستەمە.