وردەکاریی دۆخی تەندروستی ئەو کەسەی شامپۆ ئۆنلاینەکەی بەکارهێنابوو ئاشکرادەکرێت
رووداو - تەندروستی
هاونیشتمانییەک بەهۆی بەکارهێنانی شامپۆیەکی قژ کە بە ئۆنلاین کڕیبووی، تووشی هەستیارییەکی تووند دەبێت و دەنگدانەوەی جیاواز بەدوای خۆیدا دەهێنێت، پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێستیش دەڵێت: هیچ شامپۆیەکی ئۆنلاین بە کوالێتیی کۆنتڕۆڵدا تێناپەڕێت و دەکرێت مەترسیی گەورە دروستبکەن.
رۆژی دووشەممە 5ـی شوباتی 2024 د. ئاراس حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری بە رووداوی گوت، هیچ دەرمانێکی ئۆنلاین بە کوالێتیی کۆنتڕۆڵدا تێناپەڕێت و زۆرینەیان ساختەن.
د. ئاراس حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری دەڵێت: ''شامپۆکان وەکو دەرمان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت بەتایبەت ئەو شامپۆیانەی بۆ مەبەستی قژبۆیەکردن یاخود چارەسەری کێشەکانی قژ و سەر بەکاردێن، چونکە پێکهاتەیەکیان تێدایە بە ناوی PPD کە تاوەکو رەنگی شامپۆکە تۆختر بێت، واتە بڕێکی زیاتر لەو مادەیە بەکارهاتووە کە هەر مادەیەیە هۆکارێکی سەرەکیی هەستیارییە''.
ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی پێست لەبارەی بارودۆخی ئەو هاونیشتمانییەی بە شامپۆ ئۆنلاینەکە وای لێهاتبوو دەڵێت: ئەمە جۆرێکە لە هەستیاریی تووند کە دوای بەکارهێنان یاخود پێش شۆردن و لابردنی شامپۆکە کەسی بەکارهێنەر تووشی دەبێت و هەست بە سووتانەوە، گەرمبوون و کزانەوەی پێستی سەر و چاوی دەکات و زۆرجار ئاوسانی زمان، قوڕگ و رووخساریش دەگرێتەوە.
هاوکات بە پێویستی دەزانێت، لەکاتی هەستکردن بەو نیشانانە راستەوخۆ شامپۆکە بشۆردرێت و ئاوی زۆر بە سەروچاودا بکرێت.
بە گوتەی د. ئاراس، پێویستە شامپۆ پشکنینی کوالێتیی کۆنتڕۆڵی بۆ بکرێت و بڕ و جۆری پێکهاتەکانی نێوی زانراوبن، هاوکات هۆشداریش دەداتە هاونیشتمانییان، لەکاتی بەکارهێنانی هەر شامپۆیەک، سەرەتا بڕێکی کەمی لێ بەکاربێت، بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لە ئەگەری دروستبوونی هەستیاریی پێستیان.
تەنانەت ئەوەش باسدەکات، ئەگەر شامپۆکە دوای 72 کاژێر نیشانەکانی وەکو 'سووربوونەوە، ئاوسان و خوران'ـی دروستنەکرد ئینجا بەردەوامیی هەبێت لە بەکارهێنانی، هەروەها ئەوەشی گوت، بە پێی کاتی دیاریکراو شامپۆ بهێڵدرێتەوە و بە بڕێکی دیاریکراویش بەکاربێت.
د. سایە سامی، پسپۆڕێکی دیکەی نەخۆشییەکانی پێستە و لەم بارەیەوە دەڵێت: ''تووشبوون بە هەستیاری پەیوەندی بەو مادانەی نێو شامپۆکە یاخود بۆیاخەکە هەیە کە دەبنەهۆی هەستیاریی تووند کە هەندێکجار مەترسی لەسەر ژیانی کەسەکە دروستدەکەن''.
د. سایە سامی دەشڵێت: ''لەکاتی هەستکردن بە هەر نیشانەیەکی هەستیاری پێویستە پزیشکی پسپۆڕ ببیندرێت و هاونیشتمانییان دوور بکەونەوە لە کڕینی ئەو جۆرە بەرهەمانە بەڕێگەی ئۆنلاین، چونکە هیچ چاودێرییەکی کوالێتیی کۆنتڕۆڵیان لەسەر نییە''.
رۆژی شەممە، هاوونیشتمانییەکی شاری سلێمانی رایگەیاند، لە رێگەی ئۆنڵاین شامپۆیەکی کڕیوە و دوای بەکارهێنانی رووبەرووی کێشەی تەندروستی کردووەتەوە، ئەوەش کاردانەوەی زۆری بە دواداهات.