دوو نیشانەی مەترسیدار لەکاتی خواردندا هەبوون، مانای وایە شەکرە و بەرزەپەستانی خوێنت تووشدەبێت

رووداو - تەندروستی

پۆدکاستی ئەمجارەی کلینیکاست لەبارەی خۆراکە و خۆراکیش بەشێکی سەرەکییە لە پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست، پسپۆڕێکی خۆراک میوانە و دەڵێ، گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێ هۆکارن بۆ قەڵەوبوون.
 
د. هۆلیم هاشم، پسپۆڕی کلینیکیی خۆراک رایدەگەیێنێت، ئەوەی لەکاتی خواردندا زۆر بخوات و ماندوو ببێت، بەرگریی ئەنسۆلینی بەرزە و دەشێت تووشی شەکرە و نەخۆشییە درێژخایەنەکانی دیکە ببێت.
 
لەبارەی ئەوەی کە کەسێک سکی پڕ بووە لە خۆراک، بەڵام تێرنەبووە روونکردنەوە دەدات و دەڵێ، پەیوەندیی بە باری دەروونییەوە هەیە و بەهۆی ئەوەی گوشاری هەیە، دەیەوێت خۆراک بخوات تاوەکو باری دەروونیی کۆنتڕۆڵ بکات، ئەمەش کێشە بۆ گەدە دروستدەکات و پەیوەندیی بە مێشكەوە هەیە.
 
د. هۆلیم هاشم بۆ خێراتێربوون پێشنیاز دەکات؛
 
- خەو تەندروست بێت
- هەڵبژاردنی چەوریی ناتێر
- خواردنی کاربۆهیدراتەکان بەتایبەت دانەوێڵە تەواوەکان
- جوینی زۆری خۆراک
- بەهێواشی خۆراک بخورێت
- ئاوخواردنەوە پێش ژەمی خۆراکی
- لەکاتی خواردندا مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بەکارنەیەن
 
لە کۆتاییدا ئەوەش باس دەکات کە خۆراک بە هێواشی بخورێت و زۆریش بجووێ، بۆ ئەوەی مێشک هەست بکات کە خۆراک دەخۆیت و زوو تێر ببێت.