پزیشکێک: تەقینەوەی کارگەی پیتڕۆکیمیایی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست و گەڕی زیاد دەکات
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری هۆشداری دەدات لە زیانە تەندروستییەکانی جەنگ بۆ سەر پێست و رایدەگەیێنێت، دووکەڵ و تەنۆلکە زیانبەخشەکانی جەنگ بەتایبەت تەقینەوەی کارگەکانی پیتڕۆکیمیایی لەگەڵ باران تێکەڵ دەبن و مەترسیی شێرپەنجەی پێست دروستدەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 5-4-2026 د. سامی وەلی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری رایگەیاند، "دوای جەنگ، دووکەڵ و تەنۆلکە زیانبەخشەکان لەگەڵ باران (ترشەباران) دادەبارنە سەر پێستی مرۆڤ و زیانی پێدەگەیێنن، ئەمەش دەبێتە هۆی پیربوونی پێست و لە ماوەی درێژخایەندا ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست زیاد دەکات."
ئەو پسپۆڕەی پێست گوتی، "پێویستە لەکاتی بوونی ترشەباران نەچینە دەرەوە یان باران بە جەستەمان نەکەوێت، ئەگەر بەرکەوتنمان هەبوو، پێویستە زوو جەستەمان بشۆین و شێدارکەرەوە بەکاربهێنین."
سەبارەت بە نەخۆشییە گواستراوەکان، د. سامی وەلی، ئاماژەی بەوەکرد، "نەخۆشیی گەڕی لەکاتی جەنگدا زۆر بە ئاسانی بڵاودەبێتەوە، بەتایبەت لەکاتی ئاوارەبوون و تێکەڵبوونی خەڵک، دوای بڵاوبوونەوەی چارەسەرکردنی ئاسان نییە، تەنیا بەوە نەبێت کە تێکەڵبوون کەمبکرێتەوە و جلوبەرگ و خاولیی یەکتر بەکارنەهێنرێت."
نیشانەکانی تووشبوون بە گەڕی، وەک د. سامی وەلی باسی دەکات بریتییە لە "خورانێکی زۆر لەکاتی پشوو، گەرمابوون و بە شەوان، بەتایبەتی لە ناوچەکانی بنباڵ، پشت و سک."